بووەتە مۆتەکەی تانکەرەکان

شارەوانیی دەربەندیخان دەیەوێت گۆڕانکاری لە فولکەی پەری دەریا بکات

شۆڕش قادری

شارەوانیی دەربەندیخان دەیەوێت گۆڕانکاری لە فولکەی پەری دەریا لە دەروازەی شاردا بکات کە بووەتە مۆتەکەی تانکەرەکان.

لە ماوەی رابردوودا چەندین تانکەری هەڵگری سوتەمەنی دوای تێپەڕبوونیان لە تونێلی دەربەندیخان و گەیشتنیان بە دەروازەی شار لە نزیک فولکەی پەری دەریا وەرگەڕاون و کارەساتیان خوڵقاندووە کە زۆرێک پێیانوایە شوێنی فولکەکە و هەڵکەوتە و ئەندازەی رێگاکە هۆکاری سەرەکیی رووداوەکانە.

عوسمان عەبدوڵا سەرۆکی شارەوانی دەربەندیخان بە 964ـی وت، “لەسەر بودجەی ساڵانی پێشوو دەستمان کردووە بە چاککردنی بەشێک لە شەقامی دووسایدی دەربەندیخان – ژاڵەناو و هەڵمەتی هەڵکەندن و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی ناوبازاڕ بەردەوام دەبێت”.

“پلانێکیشم بۆ گۆڕانکاری لە فولکەی پەری دەریا و رێگای هاتنە ناوەوەی دەربەندیخان خستووەتە بەردەم بەشی نەخشەدانانی ئاوەدانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم”، عوسمان عەبدوڵا وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕانکاری لەو رێگایەدا پێدەچێت درێژخایەن و کاتی بوێت، چونکە پێویستی بە بودجە و گۆڕینی زەویی بازرگانی و تاکەکەسی  هەیە.