هەزار و 750 مەتر درێژە

هەر پێنج ناوچەی کۆنتێنەرەکان لە بەندەری فاو تەواو کران

964+
ئەحمەد مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق تەواوکردنی پڕۆژەی تێرمیناڵ و وەستانی پێنج ناوچەی کۆنتێنەر و کەشتییەکانی لە بەندەری فاوی بەسڕە راگەیاند، کە درێژییەکەی هەزار و 750 مەترە.

بۆ دروستکردنی ناوچەی تێرمیناڵەکە لە بەندەرەکەدا، لە رووبەرە ئاوییەکاندا 22.6 مەتر راگیر قوڵ کراون، راگیرەکان ژمارەیان هەزار و 736 دانەیە، ئەو بڕە بەردەی بۆ بناغەکردن بەکارهێنراوە و قەبارەیان جیاواز بووە، یەک ملیۆن و 500 هەزار دانە بووە.

نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، ناوچەکانی تێرمیناڵی کەشتی و کۆنتێنەرەکان کە لە رووبەرە ئاوییەکانەوە دێنە ئاوەکانی عێراق تەواو کرا، ژمارەی ئەو پردانەی بۆ بەستنەوەی بەندەرەکان بەکارهاتووە، گەیشتووەتە 880 پرد، هەروەها بڕی قیرتاوکردنی قیر گەیشتووەتە 12 هەزار و 600 تۆن.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەستنەوەی گۆڕەپانی بەندەری فاو، بە پێنج دەرچەکەوە”تێرمیناڵەکەوە” تەواو بووە، بەندەری گەورەی فاو ئەو پرۆژەیەی کە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ تەواو بکرێت، بە دەستبەکاربوونی نەخشەی گواستنەوەی دەریایی لە جیھان دەگۆڕێت و ساڵانە ملیۆنان دۆلار دەخاتە خەزێنەی حکومەتی عێراق.

توانای بەندەری فاو بریتییە لە 99 ملیۆن تۆن کەرەستەی ساڵانە، بەرپرسانى عێراق مەزەندە دەکەن ساڵانە 25 تا 35 ملیار دۆلار، داهات بخاتە خەزێنەى گشتییەوە. تێچووی پرۆژەی بەندەری فاو نزیکەی 4.6 ملیار یۆرۆیە، درێژیی شەپۆلشکێنەکانی بەندەری فاو زیاتر لە 16 کیلۆمەترە و درێژترینی سەر ئاستی جیهانە، ھەربۆیە ناوی چووەتە کتێبی گینسەوە.

وێنەی ناوچەی کەشتی و کۆنتێنەرەکان؛