وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بۆ میدیاكان
“خۆتان لە هەواڵی ساختە و بڵاوكردنەوەی رق و كینە بپارێزن”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا چەند پەیام و رێنماییەكی ئاراستەی میدیاكانی كوردستان كردووە.
وەزارەتەكە ئەمڕۆ چوارشەممە 25.9.2024 لە یەكەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەڵێت، لە پێناو پارێزگاری لە کەشی دیموکراتی و ئازادی رادەربڕین و پاکڕاگرتنی ژینگەی میدیایی، بە پێویستی دەزانین ئەم چەند خاڵە بخەینەڕوو:
1- پارێزگاری لە كەشوهەوای دیموكراتی لە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەدا، ئەركی سەرجەم لایەنە بەشدارەكان، كاندید و داودەزگاكانی ڕاگەیاندنە، بۆیە گرنگە هەموو لایەك پابەندی ڕێنوێنی و وادە دیاریكراوەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بن.
2- گرنگە داودەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان پابەندی بنەما ئیتیكی و یاساییەكانی كاری ڕۆژنامەنووسی بن و خۆیان لە پێشێلكردنی ئەو بنەمایانە بەدوور بگرن. پێویستە هیچ كەناڵ و دەزگایەكی میدیایی نەبێتە سەكۆی بڵاوكردنەوەی گوتاری ڕقوكینە و زمانی زبر لە گەیاندنی پەیامەكانی بەكار نەهێنێت و نەبێتە سەكۆی ناوزڕاندن و تۆمەتبەخشینەوە.
3- رێزگرتن لە سیمبول و پیرۆزییە ئایینی و نیشتمانی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان و تێكەڵنەكردنیان بە هەڵمەتی بانگەشە، دەستەبەری پارێزگاری لە ئاشتیی كۆمەڵایەتی دەكات. بڵاوكردنەوەی هەواڵی ساختە، زانیاری چەواشەكراو و چاندنی تۆوی ڕقوكینە، لێكەوتەی مەترسیداری لەسەر گیانی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و ئاسایشی دەروونی تاك و كۆمەڵگە دەبێت.
4- بەكارهێنانی منداڵان لە بەرهەمی هونەری و ئاهەنگ و چالاكییەكانی تایبەت بە بانگەشە، پێچەوانەی بنەماكانی مافی منداڵە. هەروەها بەكارهێنانی كەسانی بەخشراو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و كۆكردنەوەی لایك و ڤیو دژبەری مافەكانی مرۆڤە، بەكارهێنانی زمانی زبر و ئەدەبیاتی قۆناغەكانی ڕابردووی ژیانی سیاسیی خزمەت بە بەرژەوەندی باڵای گەلەكەمان و سەرخستنی پرۆسەی دیموكراتی ناكات. لە بری ئەوە باشترە لیست و قەوارەكان كار بۆ خستنەڕووی بەرنامەی خۆیان لە هەڵبژاردن بكەن.
5- ئیرادەی دەنگدەر ڕێزلێگیراوە و دەستوەردان لە ژیانی تایبەتی و ناچاركردنی بەوەی بڕیاری لە ڕۆژی دەنگدان ئاشكرا بكات، پێچەوانەی بنەماكانی مافی مرۆڤە، تێكەڵكردنی گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردن بە گوتاری ئاینی، پێچەوانەی گیانی دیموكراتییە. بۆیە گرنگە ئاین بۆ “تەحریم” و “تەجریم”ـی بەشداریی هاووڵاتییان لە پرۆسەی دیموكراتی بەكار نەهێنرێت.
6- لە كاتی بانگەشەدا هێرشكردن و سووكایەتی بە دەنگدەران و دانیشتوانی ناوچەیەكی دیاریكراو و توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگە، كاندیدان بە گشتی و ژنە كاندیدەكان بە تایبەتی، پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان پێشێلكاری یاسا و ئیتیكی كاری رۆژنامەنووسییە.