ناکرێتەوە

ئەم هەفتەیەش بەنیازى ئەوە نەبن بە سماقوڵیدا بچنە هەولێر

964+

وریا فەتاح

هەرچەندە نزیکبوو لەوەى ئەمڕۆ رێگاى سماقوڵى بکرێتەوە، بەڵام تائێستا تەواو نەکراوە و بە وتەى ئەندازیارى سەرپەرشتیارى رێگاکە، بە دڵنیایى ئەم هەفتەیە ناکرێتەوە.

رێبین محەمەد، ئەندازیار و سەرپەرشتیارى پڕۆژەى قیرتاوکردنى رێگەى سماقوڵى بە 964ـى وت، “بڕیار بوو دووشەممە و سێشەممەى ئەم هەفتەیە رێگاکە بەڕووى شۆفێراندا بکرێتەوە، بەڵام بەهۆى هەندێ پشکنین و دەرنەچوونى ئەنجامى پشکنینەکان، تائێستا بەشێکى ماوە تەواو بکرێت و قیر نەکرێت”.

ئەو باسى لەوەش کرد، چاوەڕێى دەرچوونى پشکنینەکانن و ئەمڕۆ چوارشەممە قیر ناکرێت، بەڵام ئەگەر ئەنجامەکان دەربچن سبەینێ قۆناغى قیرکردن کۆتایى دێت.

جەختیشى کردەوە، بە دڵنیایى ئەم هەفتەیە رێگاکە ناکرێتەوە، چونکە وەک دەڵێت: ئەگەر پێنجشەممە قیرکردن دەستپێبکات لانیکەم یەک دوو رۆژى پێویستە تا سارد دەبێتەوە و کردنەوەى رێگاکە دەکەوێتە سەرەتاى هەفتەى داهاتوو.

دواى زیاتر لە دوو مانگ لە هەڵکەندنى رێگەکە، لە سەرەتاى ئەم مانگەوە قیرتاوکردنى رێگاى سماقوڵى دەستى پێکردەوە.

“پڕۆژەکە سێ قۆناغە، قۆناغى دوو لە بەنداوى سماقوڵیەوە بەرەو چوارقوڕنە دەستپێدەکات و ساڵى پار تەواو کرا، قۆناغى یەک زۆرینەى کارەکانى تەواو بووە و قۆناغى سێيش کەوانەیەکە و ئامادەکراوە بۆ قیرکردن”، سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە واى وت.

روونیشى کردەوە، کۆى گشتى درێژیى هەرسێ قۆناغەکە، حەوت کیلۆمەتر و 300 مەترە، بودجەى گشتى هەرسێ قۆناغەکە یەک ملیار و 142 ملیۆن دینارە”.

رێگاى سماقوڵى یەکێکە لە رێگا گرنگ و قەرەباڵغەکان و ئیدارى راپەڕین بە هەولێرەوە دەبەستێتەوە.

لە 1ـى ئەم مانگەوە و دواى دەستپێکردنەوەى کارکردن، رێگاکە بەڕووى بارهەڵگرەکاندا داخرا.

رێگاى سماقوڵى داخرا و لەوێوە نەچنە هەولێر

رێگاى سماقوڵى داخرا و لەوێوە نەچنە هەولێر