شۆفێران ئاگادار بن
لە رێگای سلێمانی بۆ دەربەندیخان نەوتی رەش رژاوە
964+
شۆڕش قادری
شۆفێران ئاگادار بن لەوەی کە لە رێگای سلێمانی بۆ دەربەندیخان نەوتی رەش رژاوە و دەبێ رێگای ناوتاق بەکاربهێنن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی دەربەندیخان لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “ئاگاداری ئەو شۆفێرانە دەکەین کە لە سلێمانیەوە بەرەو دەربەندیخان و گەرمیان دەگەڕێنەوە، رێگای ناوتاق بەکاربهێنن لەبەر ئەوەی لە رێگاکەدا نەوتی رەش رژاوە”.
ئەو شۆفێرانەی کە لە گەرمیان و دەربەندیخانەوە بەرەو زەڕایەن و سلێمانی دەڕۆن رێگای ئاسایی خۆیان کە رێگای تونێلە بەکاربهێنن”، هاتوچۆی دەربەندیخان وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا مەفرەزەکانیان لەوێن و لە هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکەدان و تا یەک دوو کاتژمێری داهاتوو رێگاکە ئاسایی دەبێتەوە.
لەوبارەیەشەوە سلێمان محەمەد قائیمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، “تانکەرێکی هەڵگری نەوتی رەش لە نزیک گوندی بیرکێ و رێگای شاخەکەی دەربەندیخان، وەرگەڕاوە و رێگاکەی گرتووە”.
وتیشی، “هێزەکانی پۆلیس و هاتوچۆی دەربەندیخان لە شوێنی رووداوەکەن و شۆفڵ و چەند ئامرێکی پێویستمان ناردووە و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا رێگاکە دەکرێتەوە”.