تەقەی خۆشی کرابوو
تازە زاواکەی کەرکوک خەریک بوو لە بنکەی پۆلیسی شەوی زاوایەتی بەڕێبکات
964+
لە کەرکوک لە ئاهەنگێکی بوک گواستنەوە تەقەی خۆشی کراوە پۆلیسیش هەشت کەسیان لێ دەستگیر دەکات کە یەکێک لەوانە زاواکەیە.
رووداوەکە شەوی پێنجشەممە 19.9.2024 لە گەڕەکی 55 ی دۆمیز روویداوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە 964ـی وت، بەهۆی ئەو تەقەی خۆشییەی لە ئاهەنگی بوک گواستنەوەکەدا کرابوو، دانیشتوانی گەڕەکەکەیان هەراسان کردبوو، بۆیە دەستبەجێ لە لایەن مەفرەزەیەکی پۆلیسی ئامادەوە زاوا و حەوت کەسی دیکە لە خزم و دۆستانی و هاورێکانی دەستگیر دەکرێن.
وتیشی “دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر لە لێکۆڵینەوە وەرگرتنی بەڵێنامە، ئازاد کران”.
ئاماژەی بەوەشکرد راستە یاسا لە سەروی هەموو کەسێکە بەڵام هەندێکجار ناچار دەبیت حاڵەتی مرۆڤایەتی پەیڕەو بکەیت بۆیە دوای وەرگرتنی بەڵێنامە لە زاوا و هاورێکانی ئازادکران گەڕایەوە لای هاوسەرەکەی.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن