ئاوی دوکان وا دەڵێت
سورداش پێویستی بە سەرچاوەیەکی دیکەی ئاوە
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان لە ناحیەی سورداش-ی قەزای دوکان، تۆڕی ئاوی ناحیەكەی پێویست بە نۆژەنكردنەوە و فراوانكردن کردووە، بەڕێوەبەری ئاوی دوكانیش دەڵێت، “پێویستە سەرچاوەیەكی دیكەی ئاوی خواردنەوە بۆ ناحیەكە دابین بكرێت”.
ناحیەكە دوو خەزانی گلدانەوەی ئاوی خواردنەوەی هەیە کە نزیکەی سێ هەزار دانیشتووی ناو ناحیەکە سوودیان لێ دەبینی، هەموو رۆژێك نیو كاتژمێر ئاویان پێدەدرێت، لەئێستادا تەنیا خەزانێكی بەكاردەهێنرێت و ئەوەی دیكەیان پێویستی بەنۆژەنكردنەوەیە.
لەبارەی نۆژەنكردنەوە و چاكسازیی لەتۆڕی ئاوی ناحییەكە، 964 قسەی لەگەڵ مەحمود محەمەد، بەڕێوەبەری ئاوی دوكان كرد و ئەمڕۆ چوارشەممە، 18.9.2024 بە 964ی وت، “ئەمڕۆ سەردانی ناحیەی سورداش-مان كردووە و دەرخستەمان بۆ نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی ناحیەكە كردووە، تۆڕی ئاوی خواردنەوەكەیان پێویستی فراوانكردن و چاكسازییە، لەبەرئەوەی ژمارەی دانیشتووانی ناحیەكە زیادی كردووە و وە كەمپی سورداش-یش هەر لەو تۆڕەوە ئاوی بۆ دابین دەكرێت”.
پەیوەست بە گرفتی خەزانەكەی دیكەوە هۆكاری بەكارنەهێنانی ئەو بەڕێوەبەرە وتی، “ئەو خەزانە كاتی خۆی پێویست نەبووە و بەكارنەهێنراوە، بەڵام ئێستا ناحیەكە گەورە بووە و كەمپی سورداشیش دەكەوێتە سەر ئاوی ئەو پڕۆژەیە، لەبەرئەوە پێویستە پاكبكرێتەوە، ئەگەر لێچونێك لەخەزانەكە هەبێت دووبارە چاكبكرێتەوە و بەكاربهێنرێت و نۆژەنكردنەوەشی هەفتەیەكی پێویستە”.
سنوری ناحیەی سورداش، لە 33 گوند پێكهاتووە، “سەرچاوەی ئاوی هەردوو ناحیەی سورداش و كەمپی سورداش، تەنیا بیرێكی ئیرتیوازییە و بەشی هەردوو شوێنەكە ناكات، پێویستە لە داهاتوویەكی نزیكدا سەرچاوەیەكی دیكەی ئاو بۆ ناحیەكە دابین بكرێ، بۆ ئەوەی رووبەرووی گرفتی كەم ئاوی نەبنەوە”، بەڕێوەبەری ئاوی دوكان وای وت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا