لەلایەن دەستەى ناوچە کوردستانییەکانەوە
سەرژمێرى لە ناوچەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم نیگەرانى لێدەکەوێتەوە
964+
وریا فەتاح
دەستەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم کوردستان، بەهۆى ئەوەى بە گومانن و نیگەرانن لە ئەنجامدانى پڕۆسەى سەرژمێرى گشتى دیدارێک لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ئەنجام دەدەن.
دەستەکە لە راگەیەنراوێکدا بڵاوى کردەوە، سبەی پێنجشەممە لە هەولێر لە دیدارێک لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ئەنجام دەدەن و هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆسەی سەرژمێری دەکەن، چونکە وەکخۆیان دەڵێن” بە هەستیارییەوە لە بابەتەکە دەڕوانین”.
بڕیارە لە 20.11.2024، پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام دەستەکە لە راگەیەنراوەکەیدا بە گومانەوە لەو پرۆسەیە دەڕوانێت، چونکە پێى وایە، ماددەی 140 جێبەجێنەکراوە و لەلایەکی دیکەوە مێژووی سەرژمێرییەکانی رابردوو ئەزموونێکی تاڵ و کاریگەری خراپیان بۆ کوردستان هەبووە.
27 ساڵە لە عێراقدا پڕۆسەى سەرژمێرى ئەنجام نەدراوە و دوینجار پڕۆسەى سەرژمێرى ساڵى 1997 بوو کە ئەوکات دانیشتوانى عێراق بەبێ هەرێم 19 ملیۆن و 184 هەزار 543 کەس بوو.
یەکەم سەرژمێری گشتیى لە عێراق ساڵی 1934 ئەنجامدرا ئەوکات ژمارەی دانیشتوانەکەی سێ ملیۆن و 380 هەزار کەس بووە.