كۆمیسیۆن ئاشكرای كرد

سەد و هەشتاوهەشت هەزار و 491 كارتی دەنگدان وەرنەگیراونەتەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای كرد، هێشتا سەد و هەشتاوهەشت هەزار و 491 كارتی دەنگدان لە بنكەكان ماونەتەوە، داوا لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكەن بچن كارتەكانیان وەربگرنەوە.

كۆمیسیۆنەكە ئەمڕۆ یەكشەممە لە راپۆرتی هەفتانەی خۆیدا، كە لە گرووپی رۆژنامەنووسان لە واتساپ و ویبسایتی كۆمیسیۆن بڵاودەكرێتەوە، ئاشكرای كرد، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەردەوامە لە دابەشکردنی ئەو (188,491) کارتەی بایۆمەتری، کە ماونەتەوە و لە رێگەی 173 ناوەندی تۆمارکردنەوە دەدرێنەوە هاوڵاتیان، کە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمدا بڵاوبوونەتەوە، بۆیە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان داوا لەو دەنگدەرانە دەکات، کە کارتی بایۆمەترییان وەرنەگرتووەتەوە، سەردانی نزیکترین بنکەی تۆمارکردن بکەن لە شوێنی نیشتەجێبوونیان، بەمەبەستی وەرگرتنەوە.

هەروەها كۆمیسیۆن دەڵێت: دەستەی کۆمسیاران رەزامەندی لەسەر سیستمی دابەشکردنی کورسی و گۆڕینی ئەندامان بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق ژمارە (9)ی ساڵی 2024 پەسەند کرد، کە لە (100) کورسی پێکهاتووە، لە ناویاندا (5) کورسی تەرخانکراوە بۆ هەردوو پێکهاتەی (مەسیحی و تورکمان).

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتووە، دەستەی کۆمسیاران کۆنتڕۆڵ و رێکارەکانی بنکەکانی هەڵبژاردنی پەسەند کرد بۆ دەنگدان لەلایەن کەسایەتییە تایبەتەکان و کەسوکارەکانیانەوە، بەو پێیەی (3) وێستگە بۆ دەنگدانیان دەکرێتەوە لە شارەكانی بەغدا، هەولێر و سلێمانی.

كۆمیسیۆن ئەوەشی باسكردووە، رێگە بە میدیاكاران دەدرێت، کە کارتی بایۆمەتری دەنگدەریان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە هەڵگرتووە و رووماڵی پرۆسەی دەنگدان دەكەن، لەو وێستگانەی كە رووماڵەكە دەکەن، دەتوانن هەرلەوێ دەنگی خۆیان بدەن.

کۆمیسیۆن: ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کور...

کۆمیسیۆن: ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهاتووە

سەبارەت بە چاپکردنی كارتی دەنگدان، دەستەی کۆمسیاران راستەوخۆ بەدواداچوون بۆ چاپکردنی (3,077,550) كارتی دەنگدان بۆ دەنگدانی گشتی و (251,700) كارتی دەنگدان بۆ دەنگدانی تایبەت دەکات.

هێشتا وادەی دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن رانەگەیاندراوە و پێشتر جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە 964ی راگەیاندبوو، راگەیاندنی وادەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی كوردستان، تەنیا مافی ئەنجومەنی كۆمیسیۆنە و دوای كۆتاییهاتنی وردبینی لە داتای كاندیدەكان، وادەكە رادەگەیەندرێت.

كۆمسیۆن دەڵێت، پرۆسەی وردبینی داتای کاندیدەکان کە لە دەسەڵاتی پشتڕاستکردنەوە وەرگیراون، بەردەوامە و لە ژێر رۆشنایی ئەمەشدا، دەستەی کۆمسیاران بڕیاری دا ئەو کەسانەی کە مەرجەکانی کاندیدبوونیان تێدا نەبووە، لە کاندیدبوون دووربخرێنەوە و رێگەش دەدرێت حزب و لایەنەكان كەسانی دیكە دیاریی بكەن.

بڕیارە 20.10.2014 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە سەرپەرشتیی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەبچێت.