گۆشتەکە بۆنێکى ناخۆشى لێدێت و رەنگى دەگۆڕێت

بەشێک لە مریشکى کێڵگە پەلەوەرییەکانى پشدەر کەڵکى خواردنیان نەماوە

964+

محەمەد عەلی ــ پشدەر

مانگێک دەبێت بەشێک لە دانیشتوانى پشدەر نیگەرانن لە مریشکى کێڵگە پەلەوەرییەکان و دەڵێن،”بۆنێکى ناخۆشیان لێدێت و گۆشتەکەى ناخورێت”، سەرۆکی لیژنەیی تەندروستی قەڵادزێش بە 964ـى وت،”نازانن هۆکارەکەى چییە”.

سەروەر عومەر، خاوەن دوکانی مریشکفرۆشییە لە قەڵادزێ، بە 964ـی وت، ” لە کێڵگە پەلەوەرییەکانى پشدەرەوە مریشکمان بۆ دێت و ئێمەش بە پاککراوى بە خەڵکى دەفرۆشین،بەڵام ماوەیەکە هەستمان بەوەکردووە کە بۆنێکی ناخۆشیان لێدێت”.

بە وتەى ئەو مریشکفرۆشە، گۆشتەکە بێ گرفتە و جوانە، بەڵام کاتێک کریار دەیباتەوە بۆ ماڵەوە و دەیکوڵێنێت، بۆنێکى ناخۆشى لێدێت و رەنگەکەى شین و رەش دەبێت و کەڵکى خواردنى نامێنێت.

“ئێمە نازانین چ مریشکێک بەم شێوەیەیە و گرفتەکە لە ئێمە نییە، بەڵام بەشێک لە کریارەکانمان مریشکەکانیان بۆ هێناوینەتەوە و ئێمەش پارەکەیمان داونەتەوە”، ئەو مریشکفرۆشە واى وت.

964 کێشەکەى بردە بەردەم عوسمان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەیی تەندروستیی قەڵادزێ، بەڵام وەک باسى دەکات ئەوانیش نازانن هۆکارى ئەوە چییە و دەڵێت: لەبەرنامەماندایە بە زووترین کات بەدواداچوون بۆ کێشەکە بکەین”.

ساڵانە هەرێمى کوردستان پێویستى بە 145 هەزار تۆن گۆشتى مریشکە، واتا بەپێى ستانداردى جیهانى بۆ هەر کەسێک 24 کیلۆ دانراوە، ئەم رێژەیە لە هەرێمی کوردستان بۆ منداڵ و خەڵکى بە تەمەنیش هەر 24 کیلۆیە. بەڵام رێژەى بەرهەمهێنان 400 هەزار تۆنە و بەشى هەموو ناوەڕاست و باشوورى عێراقیش دەکات.

لە هەرێمى کوردستان دوو هەزار پڕۆژە و کێڵگەى پەلەوەرى یاسایى و 700 کێڵگەى پەلەورى نایاسایى هەیە و بە تێکڕا زیاد لە خواستى عێراق و هەرێم بەرهەمیان هەیە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

نەخۆشی ناو مریشکەکان مەترسی بۆ سەر هاوڵاتیان نییە

نەخۆشی ناو مریشکەکان مەترسی بۆ سەر هاوڵاتیان نییە