لە خورماتوو
حەوت هەزار دەچوو دادەمەزرێندرێن، بەڵام دەرچوانى کورد بێ ئومێدن
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
دەرچووانی کورد ھێندە ناویان نوسیوە بۆ دامەزراندن و هیچ وەڵامێکییان وەرنەگرتووە، بێ ئومێد بوون و بەشێکی زۆریان ناویان تۆمار نەکردووە بۆ دامەزراندن لەو حەوت هەزار گرێبەستەی کە پارێزگای سەلاحەدین رایگەیاندووە.
عومەر مەدحەت، سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لەخورماتوو بە 964ـی وت، “داواکارم ھەموو دەرچووان ناوی خۆیان تۆمار بکەن لەو لینکانەی کە بۆ دامەزراندن لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەشێوەی فەرمی بڵاودەبێتەوە”.
وتیشی، فەرمانگە حکومییەکانی قەزای خورماتوو خاڵین لە فەرمانبەری کورد و پێویستە دەرچووان بێ ئومێد نەبن و ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
روونیشیکردەوە، ئەم دامەزراندنەی ئێستا کە حەوت هەزار دەرچوو دەگرێتەوە، بەپێی خاڵبەندییەو نزیکەی 500 بۆ 600 دەرچووی کورد لێی سودمەند دەبن، پێویستە دەرچووانی کورد ھیچ قسەوباسێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ساردیان نەکاتەوە لە تۆمار کردنی ناوەکانییان.
پارێزگای سەڵاحەدین لە بەرواری 2024.8.20 لینکی دامەزراندنی بۆ حەوت هەزار دەرچووی بۆ سەڵاحەدین بەشێوەی گرێبەست راگەیاند، قەزای خورماتووش پشکێکی باشی بەردەکەوێت و ناونوسین یەک مانگی بۆ تەرخان کراوە و ئێستا تەنیا دوو ھەفتە ماوە بۆ تۆمار کردنی ناوەکان”.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر