25 خولەک بێ وەستان خەڵات دابەشکرا
لەسەر گیرفانی خۆیان کاری چاکەیان کردبوو حکومەتیش خەڵاتی کردن
+964
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ زۆربەی سەرمایەدارو گەورەبازرگانی کوردستان لە هۆڵێک لە هەولێر کۆبووبوونەوە، سەرۆکی حکومەت هەم بە زارەکی سوپاسی کردن و هەم دانە دانە بە دەستی خۆی قەڵغانی رێزلێنانی پێبەخشین.
بۆنەکە بۆ ئەو سەرمایەدارانە رێکخرابوو کە ئەم چەند ساڵە کاری باشیان کردووە، قوتابخانەو نەخۆشخانەو دایەنگاو بینای پۆلیس ئاسایشیان لەسەر گیرفانی خۆیان دروستکردووە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ستەیجی هۆڵەکە رووی کردە سەرمایەدارەکان و پێی وتن ”رێزو پێزانینم هەیە بۆ رۆڵی بەرپرسانەو نیشتیمانپەروەرانەی ئێوەی بەڕێز لە هاوکاری پشتیوانی حکومەت..سوپاس کە لە کاتی قەیرانەکاندا رۆڵی نیشتیمانپەروەرانەیان هەبووە”.
سەرۆکی حکومەت بە دەرفەتی زانی پەیامێک بۆ بەغدا بنێرێت و وتی ”بەداخەوە هەرێمی کوردستان باجی سیاسەتی مامەڵەیەکی ناتەندروست و ناڕەوا دەدات، دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ کوردستان ناکرێت، پێویست بوو حکومەتی هەرێم و عێراق پێشبڕکێ بکەن لەسەر خزمەتکردنی خەڵک”.
مەسرور بارزانی قسەکانی تەواوکرد و لەسەر ستەیجەکە مایەوە، دانە دانە وەبەرهێن و سەرمایەدارەکان بانگ دەکرانە سەر ستەیج لەگەڵ خوێندەنەوەی ناوەکانیان پێشکەشکارەکە دەیوت چییان کردووە، ئەمیان چوار قوتابخانەو ئەوەی تریان شەش و یەکێکیان نەخۆشخانەو یەکێکیتریان باڵەخانەی ئەمنی و یەکێکیان دایەنگا، ئیشەکانیان زۆربوو.
محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان قەڵغانی رێزڵێنانەکەی دەدایە سەرۆکی حکومەت و ئەویش دەیدایە وەبەرهێنەکان و وێنەیەکیان پێکەوە دەگرت، رێزلێنراوەکان ئەوەندە زۆر بوون زیاتر لە 25 خولەکی خایاند تا هەموویان قەڵغانەکەیان پێدرا.
شێخ باز بەرزنجی خاوەنی کار گروپ، یەکەم کەس بوو ناوی خوێندرایەوە، لە بەرامبەر ئەوەی چوار نەخۆشخانەو بنکەی تەندروستی دروستکردووە،
شێخ باز بەناوی وەبەرهێنەکانەوە قسەیکردو وتی ”بەناوی هەموو ئەم بەڕێزانەی لێرەن سوپاسمان هەیە بۆ ئەم پێزانینە، مایەی شانازیمانە کە رێزمان لێنراوە، هەموو هەوڵمان بۆ ئەوەیە ژێرخانێکی پتەوی تەندروست و ئارام بنیادبنێین”.
یەک یەک وەبەرهێنەکان خەڵاتیان وەرگرت و ستەیجیان جێهێشت، شێخ فاخیر تەیب روخسەتی خواست ئەویش قسەی هەبێت و وتی ” ئەم رێزلێنانە وامان لێدەکات بەردەوام بین لە کاری چاکەو چاکەخوازی، حکومەت هەرچەند بە دەستوبرد بێت هەموو کەلێنەکانی پێ پڕ ناکرێتەوە”.