دهۆک دەبێتە خاوەنی پێشکەوتووترین ناوچەی پیشەسازی لە عێراق
+964
فەهمی نەبی -هەولێر
ناوچەی پیشەسازی دهۆک، کە شوێنی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێڵە، بەمنزیکانە چۆڵدەکرێت و لە دەروازەی رۆژهەڵاتی ئەو شارەوە بۆ دەروازەی رۆژئاوای شارەکە دەگوازرێتەوە.
ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ هەینی 27ی کانونی دووەم، بڵاویکردوەتەوە کە بەمنزیکانە ئەو ناوچەیە دەگوازرێتەوە.
ناوچە نوێیەکە دەکەوێتە دەروازەی رۆژئاوای شاری دهۆک.
دلۆڤان بەرەکات، خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکارە بۆ ماڵپەڕی حکومەت قسەیکردووە، گوتویەتی “بەشیوازێکی نوێ و تەواوی پێداویستیەکانەوە بەمنزیکانە دەکرێتەوە”.
پیشەسازی نوێی دهۆک، لە پێنج ناوچە پێکدێت، سێ ناوچەی تەواو بووە، لەسەر رووبەری 300 دۆنم زەوی دروستکراوە و 62 ملیۆن دینار تێچوەکەی بووە.
لەمەوبەدوا دوو هەزار و 378 دوکان لە پێشوازی ئەو کەسانە دەبێت کە پێویستیان بەوەیە ئۆتۆمبێڵەکانیان چاکبکەنەوە.
بە گوێرەیی زانیاریەکانی تۆڕی 964، وا بڕیارە لەجێگەی ناوچەی پیشەسازی کۆن کە لەدەروازەی رۆژهەڵاتی دهۆک بوو پارکێکی گشتی دروست بکرێت.