مەترسی لەسەر چەندین گوندی دیکەی ناوچەکە هەیە
گوندێک لە سنووری قەزای ئامێدی چوڵکرا
+964
هیڤی دێوالی – دهۆک
گوندی جمبلکێ لەسنووری قەزای ئامێدی، چوار رۆژە چوڵکراوە موختاری گوندەکەش دەڵێت، بەشی زۆری دانیشتوانی گوندەکە هاتوونەتە پارێزگای دهۆک.
سەرەتای ئەم هەفتەیە و لە رۆژی شەممە 2024.8.24وە، گوندی جمبلکێی ناحیەی کانی ماسێ، بەتەواوی چوڵکراوە بەهۆی شەڕەتەقە و تۆپبارانکردنی بەردەوامی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە.
نزار عەباس، موختاری گوندی جمبلکێ لەسنووری قەزای ئامێدی بە 964ـی وت، پێش چوار رۆژ گوندەکەمان چوڵکرد بەهۆی ناسەقامگیری گوندەکە و شەڕی بەردەوامی نيوان تورکیا و پەکەکە.
وتیشی، پێشتر تەنیا 8 بۆ 10 خێزان لەو گوندە دەژیان، بەڵام ئێستا بە تەواوی چۆڵکراوە و نزیکەی شەش خێزان رۆیشتوونەتە دهۆک و دوو خێزانەکەی دیکەش بۆ گوندەکانی دەوروبەر گواستویانەتەوە.
باسی لەوەش کرد، دانیشتوانی گوندەکە بژێوییان لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵییە و زۆربەی کەلوپەل و پێداویستییەکانیان بەجێهێشتووە، هەروەها لە ناو گوندەکە خانووییەک و نزیکەی 60 دۆنم زەوی داری بەرهەمدار و پۆش و پەڵاش سووتاون.
بەوتەی موختاری گوندەکە، ئەوە جاری سێێەمە بەهۆی گرژییەکانی ئەم دواییانەوە گوندەکەیان چۆڵ دەکەنەوە و چەند جارێکی دیکە دوای هێور بوونەوەی رەوشەکە گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
کامەران عوسمان رێکخەرى تیمى کوردستانى رێکخراوى CPTـى ئەمریکى بە 964ـى وت، گوندی جمبلکێ بەتەواوی چوڵکراوە، لە سەرەتای شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە تا ئێستا 10 گوند چۆڵکراون، لەوانەش پێنج گوندیان لە ناحیەی کانی ماسی، چواریان لە دەڤەری بەرێ گارە و گوندێکی قەزای باتیفا.
ئاماژە بەوەشی کرد، بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە، شەڕەتەقە و بۆردومانی بەردەوام، مەترسی لەسەر ژمارەیەک گوندی ناوچەی بەرواری باڵە لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ هەیە.
بەپێی ئامارێکی قایمقامی قەزای ئامێدی، لە سنووری قەزاکەدا 358 گوند هەن، لەو ژمارەش 201 گوندیان چوڵکراون.
چیا بەرواری، هاوڵاتییەکی گوندی جمبلکێیە و چەند گرتە ڤیدیۆیەکی بۆ 964 ناردووە و دەڵێت، زۆربەی زەوی و داری بەرهەمدار و خانووی گوندەکەمان سووتاون و زیانێکی زۆری بە گوندەکەمان گەیاندووە، بە بەردەوامی شەرەتەقە لە گوندەکەمان هەیە و ئیستا چوڵکراوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر