هەفتەیەکە حاڵیان نییە

دوو گوندی ئاغجەلەر بۆری ئاوەکەیان لە سێ شوێن شکاوە

964+

عەزیز عەبدوڵا – ئاخجەلەر

گوندی مامڵێسی و ئەسکەندەربەگی لە ناحیەی ئاغجەلەر، “زیاتر لە یەک هەفتەیە، ئاوی پێ نەگەیشتووە”، تیمەکانی ئاوی ئاغجەلەر سەرقاڵی دۆزینەوەی ئەو شکاوییانەن کە پێیان وتراوە لە سێ شوێن شکاوە، بووە بەهۆکاری پێ نەگەیشتنی ئاوەکە پێیان.

هەردوو گوندەکە 30 ماڵی تێدا نیشتەجێن، هەندێکی کەمیان بیریانه هەیە و ئەوانی دیکە ئەم هەفتەیە بە تانکەر ئاویان هێناوە.

شێروان فەرحان، دانیشتووی گوندی مامڵێسی بە 964ی وت، “بەهۆی شکانی بۆری ئاوی رەیسی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە بۆ گوندەکەمان، ماوەی یەک هەفتەیە بێ ئاوین و دیاریش نییە کەی ئاومان پێ دەدەن”، ئەوە لە کاتێکدا بۆری ئاوەکەیان لە نزیک ناوچەی شیوەسوور شکاوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21.8.2024، هەڤاڵ جەمال بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی ئاغجەلەر بە 964ی راگەیاند، “هیچ شکاوییەک نیە 24 کاتژمێر بەسەرماندا بڕوات تیمەکانمان نەچنە شوێنەکە، هۆکاری شکانی ئەم بۆرییانە ئەوەیە بەشێک لەو گوندانە دوورن لە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپەوە بەهۆی کۆنی بۆرییەکانیش ئەم حاڵتانە دووبارە دەبنەوە”.

تا درەنگانی شەو تیمەکانیان لە ناوچەی شیوەسوور بوون، بەڵام نەیانتوانیوە بۆرییەکان بە تەواوی چاک بکەنەوە، ئەو وتی،”ئەمشە و تاوەکو کاتژمێر 12:00ی شەو ماوینەتەوە، بەڵام بەهۆی فراوانی ناوچەکەمانەوە کاتمان دەوێت تا پشکنین بۆ شوێنی مەبەست و رووپێوی بۆرییەکان بکەین”.

سەرچاوەی ئاوی رەیسی نۆ گوند، تەنیا پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپەیە، کە پڕۆژەکە لە ساڵی 2000 بنیاد نراوە، ئەوە جگە لەوەی ژمارەیەک لە ماڵەکان لەگەڵ ئاوی پڕۆژەکە، ئاوی بیریان هەیە.

پێداچوونەوە؛ ئەحمەد مستەفا

فەرمانگەیەكی ئەندازیاری بۆ پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچە...

فەرمانگەیەكی ئەندازیاری بۆ پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ دامەزرا