بەرزترین موچەیان لە 300 هەزار تێناپەڕێ
ژینگەپارێزانى خانەقین دوو مانگە موچەیان وەرنەگرتووە
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
لەگەڵ ئەوەى بەرزترین موچەى مانگانەیان لە 300 هەزار تێپەڕ ناکات، بەڵام ژینگەپارێزانى خانەقین بەردەوامن لە کارکردن و دوو مانگێشە موچەیان پێنەدراوە.
ژینگەپارێزانى خانەقین بە گیرفانى خاڵى و لە پلەى گەرمى سەروو 45 پلەى سیلیزیى خانەقین کاردەكەن و ژینگەى شارەکە خاوێن دەکەنەوە.
مستەفا دڵشاد کارمەندێکى ژینگەپارێزى شارەوانیى خانەقینە و بە 964ـى وت، موچەکە کەمە و بەشى هیچ ناکات، لەگەڵ ئەوەشدا دوو مانگە وەرماننەگرتووە، گوێنادەن بەوەى ئەوە هەموو خەڵکى هەژار و نەدارن.
عومران میرزا، بەرپرسی بەشی ژینگەی شارەوانیی خانەقین بە 964ـى وت، ئەم ژینگەپارێزانە ژمارەیان 79 کەس دەبێت و بە کرێی رۆژانە کار دەکەن، زۆربەیان باری داراییان خراپە و پێویستیان بەو موچەیەیە، بەڵام ئەرکی خەرجکردنى پارەکانیان لە شارەوانییەکان نییە، بەڵکو لە ژێر دەستی پارێزگاری دیالەیە و ئەویش بەهۆی ئەوەى تازە پۆستەکەى وەرگرتووە بیرى لایان نییە.
وەک باسى دەکات، موچەی ئەم ژینگەپارێزانە لە 215 هەزارەوە دەستپێدەکات و زۆرترینى 300 هەزارە، سەرەڕای ئەوەی رۆژانە 30 گەڕەک پاکدەکەنەوە، ئێستا ئەرکی پاککردنەوەى مەرزی مونزرییەشیان کەوتووەتەسەر.
خانەقین، قەزایەکى سەر بە پارێزگاى دیالەیە و لە نێوان قەزاى کفرى و مەندەلى هەڵکەوتووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح