ئامارەكان ترسناكن

مادەی هۆشبەر كوردستان و عێراق بەرەو كوێ دەبات؟

+964

ئەرسەلان عەبدوڵا

بڵاوبوونەوە و بارزگانیكردن بە مادەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان و عێراق گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و رۆژ لە دوای رۆژیش فراوانتر دەبێت.
دەزگاى ئاسایشى هەرێم هۆشداریی دەدات، بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان زیادى کردووە و تەنیا لە ماوەی هەشت مانگی رابردوو، 638 کەس دەستگیرکراون.

ئەم هۆشدارییە لە كاتێكدایە، ئەمڕۆ سێشەممە ئاسایشی هەرێم زیاتر لە 150 كیلۆگرام مادەی هۆشبەریان سووتاند و ڤیدیۆكەشیان بۆ رای گشتی و میدیاكان بڵاوكردەوە.

سەلام عەبدولخالق، بەرپرسى راگەیاندنى دەزگاى ئاسایشى هەرێم بە 964ـى وت، لە ناو ئەو مادە هۆشبەرانەشدا 250 ملیۆن حەبی هۆشبەریش هەبوون و لەناوبران.

قسەكانی ئاسایش و ئامارەكان و ئەو ماددانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، هەروەها ژمارەی بازرگان و بەكاربەران، كە دەستگیر كراون، ئاماژەی ترسناكن بەوەی هەرێمی كوردستان بووەتە ناوەند و گۆڕەپانێك بۆ بڵاوبوونەوە و گواستنەوەی مادەی هۆشبەر، كە مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ئاسایشی وڵات و هاوڵاتیان.

سەلام عەبدولخالق دەڵێت، 638 بازرگان و بەکارهێنەر و مامەڵەکارى مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون، لەو ژمارەیە 250 تۆمەتباریان بەکارهێنەرن و ئەوانی تر بازرگان و مامەڵەکارن.

ئەمە لە سنووری ئاسایشی هەرێمە، كە بنكەكەی لە سلێمانییە، لە سنووری ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمیش، كە بنكەكەی لە هەولێرە، ئامارى هەشت مانگ و نیوى رابردوو، لە 12ـى تەمموزى رابردوو ئاشكرا كرا و تێیدا 952 کیلۆگرام مادەى هۆشبەر دەستیبەسەرداگیراوە، كە نزیكەی یەك تۆن دەكات.

بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر هەر لە هەرێم نییە و لە سنووری دەسەڵاتی حكومەتی عێراقیشدا بارودۆخەكە خراپترە، رۆژانە بازرگان و بەكاربەر دەگیرین و لەوێ سزای لەسێدارەدانیش جێبەجێ دەكرێت و هەر ئەمساڵ زیاتر لە دە هەزار كەس گیراون و دەیان كەسیش لەسێدارە دراون و بە سەدان كیلۆی مادەی هۆشبەریش دەستیانبەسەردا گیراوە.

ئاسایشی عێراق زانیاریی ترسناكیشیان لەمبارەیەوە بڵاوكردووەتەوە، ئەوەتا هەر ئەم مانگە ئاشكرایان كرد، لە پارێزگای بابل هاوڵاتیان مادەی هۆشبەریان لە باخچەی ماڵەكانیان چاندووە.

بارودۆخی سنوورەكانی عێراق و كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، پێگەی جوگرافی ناوچەكە، كە وەك ترانزێتە، هەروەها خراپیی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی، هەروەها تێوەگلانی دەیان بەرپرس لە كاری بازرگانی مادەی هۆشبەر، وایكردووە كۆنتڕۆڵی ئەم كارە زەحمەت بێت و داهاتوویەكی مەترسیدار چاوەڕێی ناوچەكە بكات.

کەیسێکی ناخهەژێن؛ تاوانبارێکی مادەی هۆشبەر قسە بۆ 964 د...

کەیسێکی ناخهەژێن؛ تاوانبارێکی مادەی هۆشبەر قسە بۆ 964 دەکات