چلەی ئیمامی حوسێنە
لە كەربەلا هەفتەیەك و لە بابل پێنج رۆژ پشووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەنجومەنی پارێزگای كەربەلا بڕیاری دا هەفتەیەك و ئەنجومەنی پارێزگای بابلیش بڕیاری دا پێنج رۆژ پشووی فەرمی دەبێت لە پارێزگاكانیان، ئەمەش بەبۆنەی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەربەلا قاسم عەلی یەساری لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، لە رۆژی یەكشەممەی داهاتووەوە بۆ ماوەی هەفتەیەك پشووی فەرمی دەبێت.
هەروەها ئەنجومەنی پارێزگای بابل ئەمڕۆ سێشەممە كۆبوونەوە و بڕیاریان دا لە چوارشەممەی داهاتوو 21.8.2024 تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو 26.8.2024 بۆ ماوەی پێنج رۆژ پشووی فەرمی دەبێت.
هەردوو ئەنجومەنەكە ئەوەشیان راگەیاندووە، پشووەكە فەرمانگەكانی ئاسایش، خزمەتگوزاری و تەندروستی ناگرێتەوە و دەبێت لە خزمەتی زیارەتكارانی یادی چلەی ئیمام حوسێندا بن.
دوابەدوای راگەیاندراوی ئەنجومەنی هەردوو شارەكە، پارێزگای نەجەفیش هاتە ریزەوە و رایگەیاند، لای ئەوانیش لە یەكشەممە تا چوارشەممەی داهاتوو پشووی فەرمی دەبێت.
هاوكات لە شاری هەولێریش چەند رۆژێكە ئامادەكاری بۆ پێشوازی لە زیارەتكارانی ئێرانی دەستیپێكردووە، كە لە رێی دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە دێنە هەرێمی كوردستان و لەوێشەوە بەرەو كەربەلا و شوێنە پیرۆزەكانی شیعە مەزهەبەكان بەڕێدەكەون و بڕیارە لە هەولێرەوە هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ بكرێت.