لە شارەزوور
دابەشکردنی کتێب لە ناوەندەکانی خوێندن دەستیپێکرد
964+
بڕوا مەجید
کتێب گەیشتووەتە پەروەردەی شارەزوور و ئەمڕۆ دووشەممە 12.8.2024، دەست بە دابەشكردنی كرا، لە ماوەی 25 رۆژیشدا سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنوورەکە کتێب وەردەگرن.
نەبیل حەمەساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەزوور بە 964ـی وت: ماوەی دووهەفتەیە کتێب وەردەگرین لە کۆگاکانی پەروەردەی گشتیی سلێمانی، رێژەی کتێب لەم ساڵدا لە %100 چاپکراوە و سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە پەروەردەی شارەزوور بەبێ کێشە کتێب وەردەگرن، بەپێی خشتەی دابەشکردنی کۆگای پەروەردە سەرەتا ئەو قوتابخانانەی قۆناغی یەک بۆ شەشی بنەڕەتین کتێب وەردەگرن، دواتر پۆلەکانی حەوت بۆ نۆ و ئینجا باخچەکان و کۆتاجاریش ئامادەییەکان پێیان دەدرێت.”
وتیشی، “هیچ رۆژ و کاتێک دانەندراوە بۆ کاتی دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان، بەڵام بەپێی نووسراوی پەروەردە پێویستە سەرجەم مامۆستایان لە 1.9.2024ەوە پەیوەندی بکەن بە قوتابخانەکانیانەوە.”
”بڕیارە تا کاتی پەیوەندیکردنی مامۆستایان بە قوتابخانەکانیانەوە، سەرجەم قوتابخانەکان کتێب وەربگرن و ئەگەریش قوتابخانەیەک دواکەوت لەوەرگرتنی، ئەوا پێش دەستپێکردنەوەی دەوام کتێب دەگاتە دەستیان”، نەبیل حەمەساڵح وای وت.
لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شارەزوور 72 ناوەندی خوێندن هەیە، کە بەسەر 33 قوتابخانەی بنەڕەتی دابەش بوونە، لە قۆناغی یەکەوە بۆ شەش، 21 قوتابخانەی لە قۆناغی حەوت بۆ نۆ، لەگەڵ چوار باخچەی ساوایان و 14 قوتابخانەی ئامادەیی.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر