وەزارەتی دارایى بەگژ هەموو خەرجییەک چووەوە وه‌زیره‌كان نەبێت

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

وەزارەتی دارایی و ئابوورى هه‌رێم، پلانى خه‌رجی و داهاته‌كانى بۆ ساڵى 2023 ئاشكرا كرد، تیایدا به‌شێكی زۆرى خه‌رجییه‌كانى پێشترى راگرتووه‌، به‌ڵام به‌خشینى به‌رده‌ستى وه‌زیره‌كانى وه‌كو خۆى هێشتۆته‌وه‌.

به‌پێی نووسراوێكی وەزارەتەکە به‌ژماره‌ (1035) کە له‌ 24ـی كانونى دووه‌مى 2023 ده‌رچووه‌ و گشتاندنێكى دارایی به‌ژماره‌ (2)ـی بۆ کراوە، ئاڕاسته‌ى گشت وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانى كردووه‌، له‌ باره‌ى خه‌رجی و داهاتى ساڵى 2023، تیایدا چەند بڕیارێكى بۆ بابەتی خەرجی و داهات ده‌ركردووه‌.

له‌ بڕگه‌ى پێنجه‌مى ئه‌و نووسراوه‌ هاتووه، راگرتنى سه‌رجه‌م پاداشت و هاوكارییه‌كان جگه‌ له‌ به‌خشینى به‌رده‌ستى وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌كان، چونكه‌ ده‌ڵێ “به‌ نووسراوى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ژماره‌ 5743 له‌ 11 ى ئه‌یلوولی 2014 و به‌ نووسراومان ژماره‌ 8091 له‌ 28ى ئه‌یلوولى 2014 گشتاندنى بۆ كراوه‌ جگه‌ له‌و حاڵه‌تانه‌ى كه ره‌زامه‌ندى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران یان وه‌زاره‌تمانى هه‌یه،‌ له‌رێگه‌ى سیسته‌مى ئه‌لیكتۆرۆنى به‌ڕێوه‌بردنى دارایی كوردستان (KFMS) له‌سه‌ر به‌رنامه‌ى داواكارى خه‌رجی داوا بكرێت”.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و نووسراوه‌، بڕیاردراوه‌ بۆ ساڵی 2023، پارەی شاند و ئیفادیش بۆ دەرەوە خەرج نەكرێت و هەر خەرجیەكیش لەدەرەوەی یاسا و رێنماییەكان بێت وەزارەتی دارایی لە ئەستۆی ناگرێت.