چیرۆکی کوژرانی سێ منداڵەکە دانامرکێتەوە
لە نارەزایەتییەکاندا؛ ژمارەیەک کوردی بەریتانیا سەریان بە بەرد شکاوە
964+
ئەحمەد مستەفا
لە کاتێکدا پۆلیس زیاتر لە 90 کەسی لێ دەستگیرکردوون، دەستی راستڕەوە توندڕەوەکان لە بەریتانیا شەش رۆژە ئاگری شەڕ و ناکۆکی لێ هەڵگیرساوە و دانامرکێتەوە، سەرەرای ئەوەش بە نیازی سووتاندنی ژمارەیەک مزگەوتن.
رۆژی دووشەممەی رابردوو بوو، چیرۆکی بە چەقۆ کوژرانی سێ کچە فێرخواز و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەیان لەگەڵ دوو مامۆستایان نارەزایەتی دروستکرد، ئەو نارەزایەتییە بوو بە گردبوونەوە، خۆپیشاندان، هێرش بۆ سەر مارکێت و دوکانەکان و بریندارکردنی پۆلیس، دواتر هەوڵدان بۆ سووتانی مزگەوتەکان، کە ژمارەیەک کەس لە ئەنجامی رێگری کردن لەو کارەیان برینداربوون، کە هاوڵاتی کوردی تێدایە.
خوولی هاوینە
رۆژی دووشەمە 29.7.2024، ژمارەیەک منداڵ و مامۆستاکەیان لە شاری ساوسپۆتی بەریتانیا، سەرقاڵی خوولی هاوینە بوون لە یانەیەکی فێربوونی کاری هونەری و گۆرانی و یۆگا، کەسێکی تەمەن 17 ساڵ چووە ناو پۆلەکەیانەوە و بە چەقۆ سێ منداڵی تەمەن (شەش ساڵ، هەشت ساڵ و نۆ ساڵی) کوشت و هەشت منداڵی دیکە و دوو مامۆستاشیی بریندار کرد.
رووداوەکە کە خەڵک زانی نیگەرانی دروستکرد، بەڵام کە وا بڵاوکرایەوە، ئەو کەسەی هێرشەکەی کردووە، “موسوڵمانە” کار تەنیا لە نیگەرانیدا نەما، ئەو چینەی لە بەریتانیا بە راستڕەوی توندڕەو ناو دەهێنرێن و دژ بە کۆچبەر و پەچە و مسوڵمانانن، دەستیان بە خۆپیشاندان و نارەزایەتی کرداری کرد، لە کاتێکدا پشتڕاست کرایەوە، “هێرشکارەکە موسوڵمان نییە و لە بەریتانیا لە دایکبووە”.
موسوڵمان و توندڕەوەکان
لیستێک لە سۆشیال میدیا ئەم دەست و ئەو دەست دەکات ناوی شارەکانی تێدا دیاری کراوە کە تا 25.8.2024، راستڕەوەکان دەیانەوێت خۆپیشاندان سەرجەم شارەکان بگرێتەوە لە کاتێکدا بۆیان روون بووەتەوە، “هێرشکارەکە کە لە بەریتانیا لە دایکبووە، بەڵام لە بنەچەدا پەنابەری ئەفریقییە”، کەناڵی SKY newsی بەریتانی دەڵێت، “پۆلیس بە تایبەتی کەلوپەلی پێویستی بۆ چەقۆ کێشان بەردەست خستووە” کە توندئاژۆکانی ناو راستراوەکان بەکاریان هێناوە، لە کاتێکدا لەماوەی ناڕەزایەتییەکاندا زیاتر لە 90 کەسی لێ دەستگیرکردوون.
تۆڕی هەواڵی BBC ئاماژەی بەوەکردووە، گروپی Tell Mama کە گروپێکە چاودێری رووداوەکانی دژە موسڵمانان دەکات لە سەرانسەری بەریتانیا، دەڵێت، “ئەو راپۆرتانە زیادبوون، لەلایەن موسڵمانانی بەریتانیاوە کە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە بۆ سەر سەلامەتیی ژیانیان”.
ئیمان عەتا، کە موسوڵمانێکی نیشتەجێی بەریتانیایە بە بەرنامەی یەکشەممەی رادیۆی بی بی سی 4 ی وتووە، “خەڵک ترساوە بچنە مزگەوتەکان و ئەو هەواڵە بە زۆر کەس گەیشتووە کە ژنانی موسوڵمان دەکرێنە ئامانج”، باسیلەوەشکردووە، “ئەوەی لەسەر شەقامەکان دەیبینن پێویستە بیوەستێنین”.
ئەو خۆپیشاندانانەی کە ئاڵۆزی لێ کەوتووەتەوە لە چەند شارێکدا روویانداوە لەوانە مانچستەر، لیڤەرپوول، هۆڵ و ستۆک، کە “چەقۆکێشە توندئاژۆکان” لەگەڵ پۆلیسدا رووبەڕووی یەکتربوونەتەوە تەنیا لە لیڤەرپوول، دوو ئەفسەر بەهۆی سەختی برینەوە بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە، کە یەکێکیان گومانی ئەوەی لێدەکرا لوتی شکاوە و یەکێکی دیکەشیان گومانی شکاوی چەناگەی هەبوو، چونکە کورسی، خشت و بەرد، شووشە و بڵێسەی ئاگریان بەسەردا فڕێدرابوو.
“چاندنی رق”
دوێنێ راسترەوە توندڕەوەکان، لە شاری هۆڵ هەوڵیاندا مزگەوتی سپرینک بانک بسووتێن کە پێشتر هەمان هەوڵ بۆ مزگەوتی سەڵاحەدین لە شاری ستۆک درابوو، بەهۆی بەرگری لە مزگەوتە و بەرککەوتنی بەرد ژمارەیەک کەس برینداربوون، کە بە رەچەڵەک کورد، عەرەب و بەریتانی لەناودا بوون، بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە پێشنوێژی مزگەوتەکە عەبدوڵا سکتانی وەرگیراوە، تەنیا لەو شارە دوو هاوڵاتی کورد بەرد بەر سەریان کەوتووە و بە سووکی برینداربوون.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کییەر ستارمەر دەسەڵاتی بە پۆلیسی وڵاتەکەی داوە، رێگری بکەن لە توندڕەوەکان کە هەوڵی “چاندنی رق” دەدەن، پێشتر پۆلیسە خۆجییەکان ئاماژەیان بە ژمارەی برینداران دەکرد، بەڵام تائێستا هیچ داتایەکی گشتگیر بەردەست نەخراوە لە بارەی زیانە گیانییەکانی هێزە ئەمنییەکان و توندڕەوە راستڕەوەکان، وە هەروەها ئەو موسوڵمانانەی بەرگری لە مزگەوتەکان دەکەن.
دیمەنەکان دەرخەری ئاڵۆزییەکانن – وێنەکان: BBC