پارێزگارى هەولێر:
138 پاڵاوگەى نایاسایى لە هەولێر دادەخرێن
964+
وریا فەتاح
پیسى ژینگە و ئاسمانى هەولێر، بەرپرسیانى ئیدارى و ژینگەیى پایتەختى ناچار بەوەکرد لەسەر مێزێک کۆببنەوە و حەوت بڕیار بۆ چارەسەرى ئەو بابەتە بدەن، کە گرنگترینیان داخستنى 138 پاڵاوگەیى نایاسایى هەولێر و دەورووبەرییەتى.
ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لە بارەى ژینگەى هەولێر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا و گەیشتین بە حەوت بڕیار کە ئەمانەن:
یەک: 138 پاڵاوگەى نایاسایى لە هەولێر هەیە و لەمڕۆوە هەرهەمویان دادەخرێن، ئەوانەشى پابەند نەبن بە بریارەکەوە رووبەڕووى سزا یاسایى دەبنەوە و دەستگیر دەکرێت.
دوو: ئەو پاڵاوگانەى یاساین، ماوەى 10 رۆژ مۆڵەتیان پێدەدرێن کە دەبێت تەواوى مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکەن و هەموو کەمووکوڕییەکانیان چارەسەر بکەن، بەپێچەوانەوە رێکارى یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
سێ: هەموو کارگەکان چ ئەوانەى کارگەى قیرن یان جۆراوجۆرن دەبێت دەستبەجێ دەست بە چارەسەرکردنى گرفتە ژینگەییەکان بکەن.
چوار: پێویستە مۆلیدەى گەڕەکەکان بە تەواوەتى رەچاوى لایەنى ژینگەیى بکەن، بەپێچەوانەوە جگە لە پێبژاردن خاوەن مۆلیدەکان دەستگیر دەکرێن و شوێنەکەشیان لێوەردەگیرێتەوە و نابێت گازى کوالێتى خراپیش بەکار بهێنن و ئەوانەشى مۆلیدەکانیان نەکردووە بە بێدەنگ، یەک هەفتە مۆڵەتیان هەیە.
پێنج: ئەو ئۆتۆمبێلانەى دوکەڵ دەکەن لەلایەن پۆلیسى هاتوچۆوە دەستیات بەسەردا دەگیرێت و بەڵێننامەش بە خاوەنەکەى پڕدەکرێتەوە کە دەبێت بە زوویى چارەسەرى بکات، جگە لە پێبژاردن و سزادانیش.
شەش: وێستگەى هەڵمى خەبات کە وێستگەیەکى حکومییە، داوامان لە وەزارەتى کارەبا و سامانە سروشتییەکان هەیە لە ماوەیەکى کورتدا مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکات، بەهەمان شێوەى پڕۆژەکانى کەرتى تایبەت دەبێت مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکات.
حەوت: لیژنەیەکى باڵا بە سەرۆکایەتى جێگرى پارێزگار لایەن پەیوەندیدارەکان پێکهێنراوە، بۆ چاودێریکردنى جێبەجێکردنى بڕیارەکان.