بێ کارەبان
بەم گەرماى هاوینە 15 رۆژە مۆلیدەی کارەبایى گوندێکى شیلادزێ لەکار کەوتووە
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
15 رۆژە دانیشتوانى گوندى هریاش لە سنوورى ناحیەى شیلادزێ کارەباى مۆلیدەیان نییە و مۆلیدەکەیان لەکار کەوتووە، بڕیاریشە سبەینێ نوێنەرى گوندەکە بچێتە لاى بەڕێوەبەرى ناحیە بۆ ئەوەى کێشەکەیان بۆ چارە بکات.
محەمەد رێکانی، دانیشتوى گوندى هرساش بە 964ـى وت،”بەهۆى لەکارکەوتنى مۆلیدەى گوندەکەمان دوو هەفتەیە کارەبای مۆلیدەما نییە، کارەباى نیشتمانیش زۆر کەمە بۆیە ژمارەیەکى زۆر لە دانیشتوان بۆ ماوەیەکى کاتى گوندەکەیان جێهێشتووە و چوونەتە باغەکانیان”.
مێهڤان هریاشى، نوێنەرى دانیشتوانى گوندەکە بۆ 964 وتى، دووەم جارە لەم ماوەیەدا مۆلیدەى گوندەکەمان لە کاردەکەوێت، بەوهۆیەوە 15 رۆژە کارەباى مۆلیدەمان نییە، بۆیە سبەینێ لەگەڵ بەڕێوەبەرى ناحیەى شیلادزێ کۆدەبینەوە و دەمانەوێت بە تەواوەتى کێشەکەمان چارەسەر بببێت.
گوندی هریاش دەکەوێتە ناحیەی شێلادزێ لەسنووری قەزای ئامێدی، نزیکەى 80 ماڵ تێیدا دەژین و یەک مۆلیدەى کارەبایان هەیە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح