داواى بەهاناوەچوون کراوە

لە بەیانییەوە سنوورى گوندێکى دەربەندیخان دەسووتێت

وریا فەتاح

نزیکەى حەوت کاتژمێرە ئاگر لە سنوورى گوندى چنارەى دەربەندیخان کەوتووەتەوە و نەتوانراوە بکوژێنرێتەوە، ئیدارەى شارەکەش داواى بەهانەوەچوونى لە پۆلیسى بەرگرى شارستانى شارەزوور کردووە بچن بە هانایانەوە.

سلێمان محەمەد قائیمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ـى وت،” لە پێش کاتژمێر 11:00ـى بەیانى ئەمڕۆوە، ئاگرێک کە تائێستا هۆکارەکەى نەزانراوە لە سنوورى گوندى چنارە کەوتووەتەوەو تائێستاش نەتوانراوە بکوژێنرێتەوە”.

وەک ئەوەى باسى دەکات، زیاتر لە 100 دۆنم دارستان و پوش و پەڵاش سوتاوە و ئاگرەکە پاڵیداوە بە قەدپاڵى چیاکە و لە فراوانبووندایە.

گەورەیى ئاگرەکە و سەختى ئەو شوێنەى لێى کەوتووەتەوە کوژاندنەوەى قورس کردووە، هەر بۆیە ئیدارەى دەربەندیخان داواى بە هاناوەچوونیان لە بەرگرى شارستانى و پوش و پاوانى شارەزوور کردووە.

“خۆشبەختانە زیانى گیانى نەبووە، بەڵام بەهۆى سەختى ئەو شوێنەى ئاگرەکەى بۆ چووە و بەهۆى نەبوونى ئامێرى پێویست، وا نزیکەى حەوت کاتژمێرە نەتوانراوە ئاگرەکە بکوژێنرێتەوە”، قایمقامى دەربەندیخان واى وت.

گوندى چنارە کەوتووەتە سنوورى قەزاى دەربەندیخان لە باشوورى رۆژهەڵاتى شارى سلێمانى.