تەمموز مۆلیدەی شکاند و نرخی زیاد کرد

مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی: سەختترین مانگمان بەڕێکرد

964+
ئەحمەد مستەفا

لە سلێمانی ئەم مانگە، گریمانە وایە نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان لە نێوان 14 هەزار بۆ 15 هەزار و 500 دینار بێت، ئەو کەسەی سەروکاری مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی دەکات بە 964 ی وت، “هیچ کاتێک وە ئەم مانگە، سەخت نەبووە بۆمان”.

تائێستا نرخەکە لەلایەن قایمقامیەتەوە نەچەسپێندراوە کە گوزارشتە لە بەرزی ماوەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا، بەڵام لە حاڵێکدا مانگی رابردوو نرخی یەک ئەمپێر کارەبا بە 12 هەزار دینار دیاری کرا بوو، بۆ ئەم مانگە گریمانەی بەهێز ئەوەیە بەهۆی زۆری کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا تا سەروو 15 هەزار دینار زیاد بکات.

گەرمی مانگی تەمموز هۆکار بووە، بۆ زەحمەتکێشی خاوەن مۆلیدەکان و کارکردنی زۆریان، بەجۆرێک پلەکانی گەرما لە زۆر ناوچەی هەرێمی کوردستان تا 50 پلەی سیلیزی و هەندێک ناوچە لەو رێژەیە زیاتر بەرزبوونەتەوە.

تا ئەمڕۆ 30.7.2024، مۆلیدە ئەهلییەکان لە بۆشایی نەبوونی کارەبای نیشتمانیی نزیکەی 340 کاتژمێر کارەبای یان داوە بە هاوڵاتییان لەم مانگەدا، گریمانە وایە تا سبەی  کە کۆتا رۆژی مانگەکەیە زیاتر لە 350 کاتژمێر کارەبا بدرێت بە هاوڵاتیان.

عوسمان محەمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان لە سلێمانی بە 964ی وت، “ئەم مانگە زۆر سەخت بوو بۆ خاوەن مۆلیدەکان، خودی خۆم سێ مۆلیدەم شکاوە، ساڵانی رابردوو بە تێکڕا هەشت کاتژمێر کارەبامان داوە بە خەڵک، بەڵام تەمموزی ئەمساڵ بڕی پێدان بۆ 11 کاتژمێری تێکڕا زیادی کردووە”.

بەو پێیەش بێت کارەبا زیاتر بە هاوڵاتیان دراوە، و کارەبای نیشتمانیی کەمبووە، “ئەوەش بەپێی یەکەی پێوانی کارەبا بێت، نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدە لە گەڕەکانی سلێمانی لەنێوان 14 هەزار دینار بۆ 15 هەزار و 500 دینار دەبێت”، عوسمان محەمەد وای وت.

لە ماوەی مانگی تەمموزی ئەمساڵ، لە نێوان هەشت بۆ 12 کاتژمێر کارەبا دراوە، سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان وتی، “ئەم بڕە لە ناوچەیەک بۆ شوێنێکی دیکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام لە چاو مانگەکانی دیکە رێژەی کارکردن و پێدانی کارەبای مۆلیدە بە هاوڵاتیان زۆرتر بووە”.

لە هەولێر ئەمساڵ حەوت مۆلیدەى کارەبا سزاى پێبژاردنیان ...

لە هەولێر ئەمساڵ حەوت مۆلیدەى کارەبا سزاى پێبژاردنیان بۆ کراوە