سزاکەیان چییە؟

لەسەر پیسکردنى ژینگە سکاڵا لەسەر حەوت کەس تۆمار دەکرێت

964+

وریا فەتاح

فەرمانگەى ژینگەى هەولێر، سکاڵا لەسەر حەوت کەس تۆمار دەکات کە بوونەتە هۆى پیسبوونى ژینگە، بەپێى یاساش پێبژاردن و بەندکردن دەیانگرێتەوە.

فەرمانگەى ژینگەى هەولێر بڵاوى کردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، نوێنەرى یاسایى فەرمانگەگە لە بنکەی پۆلیسی دارەتوو و دادگای بەرایی دەشتی هەولێر سکاڵایی یاسایی تۆمارکرد لەدژی  دوو تۆمەتبار کەهەڵسابوون بە سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل لە سنووری گوندی باغەمرە.

وەک باسى دەکات، تۆمەتبارەکان بەمەبەستی دەستخستنی سیمەکەی و فرۆشتنی وەک ئاسن تایەکانیان سووتاندبوو، ئەمەش بە تاوانی ژینگەیی دادەنرێت پاڵپشت بە یاسای پاراستن وچاککردنی ژینگە لەهەرێمی کوردستان.

هەر ئەمڕۆ نوێنەرى یاسایى فەرماکگەى ژینگەى هەولێر، لە هەمان بنکە سکاڵایەکى دیکەى یاسایى لە دژى پێنج تۆمەتبار تۆمارکرد کە هەڵسابوون بەسەربڕینی ئاژەڵ بەمەبەستی فرۆشتنی گۆشتەکەی لەسەرشەقامی گشتی هەولێر-کەرکوك نزیك گوندی گردەڕەشە.

وەک فەرمانگەگە باسى دەکات، سەربڕینى ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان پیسکردنى ژینگەیە و سەرپێچیکردنى یاسایە.

سکاڵاکان پاڵپشت بە یاسای پاراستن وچاککردنی ژینگە لەهەرێمی کوردستان ژمارە 8ـى ساڵى 2008 ئەنجامدراون.

بەپێى ماددەى 41ـى یاساکە کە حکومە سزاییەکان پێکدەهێنێت، تێێدا هاتووە؛ وەزیر یان رێپێدراوەکەى بۆى هەیە هەر دامەزروە و پڕۆژەیەک یان لایەنێک ئاگادار بکاتەوە کە سەرچاوەى پیسکردنى ژینگەن، ئەوەش بە لابردنى کاریگەرییە زیانبەخشەکان لە ماوەى 10 رۆژدا، بەڵام ئەگەر لەو ماوەیەدا سەرپێچیکار پابەند نەبوو ئەوا مادەى 42ـى بەسەردا دەسەپێنرێت کە سزاکەى بەندکردنە کە لە مانگێک کەمتر نەبێت یان پێبژاردنە کە لە 100 هەزار کەمتر نەبێت و لە 2 ملیۆن دینا، زیاتر نەبێت.

لە یاساکەدا هاتووە لە حاڵەتى دووبارەکردنەوەى سەرپێچییەکە سزاکە بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە.

ئەوەش روونکراوەتەوە کە وەزیر یان رێپێدراوەکەى کە لە بەڕێوەبەرى گشتى بەرەوژوورتر نەبێت، بۆى هەیە پێبژاردنێک داسەپێنێت کە لە 100 هەزار کەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

بۆنه‌ ناخۆشه‌كه‌ى پاڵاوتگه‌ نایاساییه‌كانى قوشته‌...

بۆنه‌ ناخۆشه‌كه‌ى پاڵاوتگه‌ نایاساییه‌كانى قوشته‌په‌ ده‌گاته‌ هه‌ولێر