لە ژووری هەواڵەوە

وەزارەتی دارایی باجی كۆمپانیاكانی روونكردنەوە و كەمئەندامانیش چاوەڕێی وەرگرتنی زەوین

ژووری هەواڵ

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان حەڵاڵ و حەرامی خۆی بۆ باجی کۆمپانیاکان جیا کردەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باجەکان لە راگەیەندراوێکدا وتی، باجی کۆمپانیاکان بە رێژەی سەدا 15 لەو کۆمپانیایانە وەردەگیرێ کە سەرمایەیان لە هەرێمی کوردستان بەدەست هێناوە، هیچ باجێک ناکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیایەک ئەگەر هاتوو قازانجی نەکردبێت.

نزیکەى دوو مانگە وەزارەتى کار و كاروباری كۆمەڵایەتی، چاوەڕێى وەڵامى ئەنجومەنى وەزیرانە بۆ ئەوەى بڕیارى دابەشکردنى زەوى، کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیش بگرێتەوە.

کۆمپانیایەکی پاککەرەوە لە گەرمیان، ساڵی رابردوو گرێبەستی لەگەڵ 45 کرێکار كردبوو بۆ پاککردنەوەی زانکۆی گەرمیان و بەشە ناوخۆییەکان، بەڵام دوای کۆتایی ھاتنی گرێبەستی كۆمپانیاكە، موچەی مانگی 12ی بە کرێکارەکان نەدابوو.

کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی گەرمیان، لەگەڵ راپەراندنی کارەکانی خۆی، لە شوێنی کارەکەی ژمارەیەک ئینجانەی گوڵی داناوە، دەڵێت، دڵم پێیان خۆشە.