کێ لە دۆخی کرێکاران دەپرسێتەوە؟
ئەمڕۆ كرێكارێكی دیكە لە كاتی كاركردن لە پرۆژە و كارگەكان گیانی لە دەست دا
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ كرێكارێكی دیكە لە كاتی كاركردن لە پرۆژە و كارگەكان گیانی لە دەست دا و زنجیرەی مردنی كرێكاران لەو پرۆژانە درێژەی هەیە.
كرێكارەكەی ئەمڕۆ چینییە و تەمەنی 49 ساڵە، لە كارگەیەكی چیمەنتۆ لە سلێمانی جەگی بەسەردا كەوتووە و گیانی لە دەستداوە.
گیانلەدەستدانی كرێكاران لە كارگە و پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون بووەتە جێی مشتومڕ و نیگەرانی، پرسیاری ئەوەشی دروستكردووە، ئایا مەرجەكانی سەلامەتی و تەندروستی و پێداویستییەكان لەو شوێنانە بۆ كرێكاران بەردەستن، ئایا كارگە و پڕۆژەكان تاچەند پابەندی یاسا و رێنماییەكانی كاركردنن.
بە قسەی عوسمان زیندانی، سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی، ئەمساڵ تا ئێستا 17 كرێكار لە كاتی كاركردن گیانی لە دەست داوە، كە شەش لەوانە بیانیین و خەڵكی وڵاتانی دیكەن.
عوسمان زیندانی ئاماژە بەوە دەكات، ئەوان بەردەوام فشار دەكەن بۆ ئەوەی یاسا و رێنماییەكان لە شوێنەكانی كاركردن جێبەجێ بكرێن و گیانی كرێكاران لە مەترسی دووربخرێتەوە، ئەو پێشی وایە ئەركی لایەنە بەرپرسەكان بەدواداچوون بكەن.
پێش ئەو رووداوەی ئەمڕۆ، رۆژی 13ی حوزەیران كرێكارێكی خەڵكی شارباژێڕ لە كاتی كاركردن لە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون كەوتەخوارەوە و گیانی لە دەست دا.
بە گوێرەی زانیارییەكانی 964 تا ئێستا كەیسی مردنی ئەو كرێكارە یەكلانەبووەتەوە و كەیسەكە لای پۆلیسە.
هەروەها پێش ئەویش، لە هەولێر رۆژی 24ی حوزەیران كرێكارێكی خەڵكی سۆران، لە كارگەیەكی شیش گیانی لە دەست دا.
964 لە یەكی ئایاری ئەمساڵ و لە رۆژی جیهانیی كرێكاراندا چهند كرێكارێكی لهسهر لەسەر شهقامهكان دواند، كە هیچ كامێكیان هیچیان له بارهی یاسای كار و مافهكانی كرێكاران نەدەزانی و زانیارییان نەبوو.
سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی بۆچوونی وایە پێویستە بەڕێوەبەری كار و فەرمانگەی بیمە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە بە دوای ژیان و سەلامەتی كرێكارانەوە بچن و رێنماییەكانی سەلامەتی و زەمان و مافەكانی كرێكاران، بەسەر كارگە و كۆمپانیا و پڕۆژەكاندا بسەپێنن.