نوسیویەتی بە گرەنتی
ئاسایشی هەولێر جادوگەرێکی دەستگیر کرد
964+
ژووری هەواڵ
ئاسایشی هەولێر دەستگیر کردنی جادوگەرێکی راگەیاند و دەڵێت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەژمارێکی داناوە بەناوی “سحر و جادو بەگرنتی”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24.7.2024، ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، جادووگەرێکیان دەستگیر کردووە کە ناسراو بە “شێخ شاباز” و “دەستدرێژی نەشیاوی کردووەتە سەر چەند ئافرەتێک و گرتەڤیدیۆیانی تۆمار کردوە”.
دەستگیر کراوەکە لەبەرامبەر بڵاونەکردنەوەی گرتەڤیدۆییەکان، داوای بڕێکی زۆر پارەی لە ژمارەیەک ئافرەت کردووە، “هەروەها لە ژێر فشار و هەڕەشەکردندا بڕێکی زۆر پارەی لە چەند ئافرەتێکی تر وەر گرتوە”، ئاسایشی هەولێر وا دەڵێت.
تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ئاسایش دەڵێت، پێشینەی تاوانی هەیە و پێشتر بە تۆمەتی رێگریکردن دەستگیر کراوە.
ئاسایشی هەولێر راشیگەیاند، “داوا دەکەین لە ئافرەتانی بەڕێز خۆیان بەدور بگرن لەم جۆرە کەسانەو نەکەونە پەیوەندی لەگەڵ ئەو هەژمارانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی کاری سحر و جادو دەکەن تاکو نەبنە قوربانی دەستی ئەم جۆرە کەسانە”.