لە شارباژێر
زیاتر لە 24 کاتژمێرە سنوورى گوندى بەرگورد دەسووتێت
964+
رێژوان مامە قادر ـ سلێمانی
لە دوێنێ ئێوارەوە سنووری گوندی بەرگورد لە شارباژێڕ بەهۆى ئاگرێکەوە دەسووتێنێت و بە وتەی دانیشتوانەکەی تا ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
بەڕێز عومەر، دانیشتووی گوندەکە بە 964ـى راگەیاند، ئاگرەکە لە گوندی زەروونەوە کە نزیکە لێیانەوە، پەڕیوەتەوە بۆ گوندەکەیان.
وتیشی،”بەهۆى ئاگرەکەوە زەرەر و زیانێکی زۆر بە دارى ترش، هەنگ، رەز و دارەبەنێکى زۆر کەوتووە”.
تیمەکانی بەرگریی شارساتنی لە گوندەکەن، بەڵام بە وتەی دانیشتوانی گوندەکە ئاگرەکە هێندە فراوانە و لە سنوورێکی هێندە گەورەدایە کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەمە و لە دوێنێ ئێوارەشەوە نزیکی سنووری گوندەکەی هەموو سووتاندوە و هیچی وا نەماوەتەوە نەیسووتێنێت.
لاى خۆیەوە کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بە 964ـى وت، ئاگرەکەی گوندی بەرگورد کە فراوان بووە چووەتە سنوورێکەوە کە مینڕێژە و تیمەکانی بەرگری شارستانی نەیانتوانیوە بە ئاسانی کاری خۆیان بکەن، بۆیە ئاگرەکە ئەو زەرەر و زیانە زۆرەی گەیاندووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح