964 ئەم بابەتەی وروژاند
جێگای مانەوە بۆ خێزانەکەی باخی گشتیی سلێمانی دابین دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانییەوە جێگای مانەوە بۆ ئەو ژن و دوو منداڵە دابین دەکرێت، کە ماوەی هەفتەیەک لە باخی گشتی مابوونەوە.
964 ئەو کەیسەی وروژاند و سۆراغی کرد، چووە باخەکە و لەگەڵ ژنەکە قسەی کرد، ئەوکات ژنەکە بە پەیامنێری 964ـی راگەیاند، هاوسەرەکەی گیانی لە دەست داوە و بەهۆی ئەوەی منداڵێکی نەخۆشیشی هەیە ماڵی باوکی خۆی نایگرنەخۆی و نەیتوانیوە کرێ خانوو بدات و بەو هۆیەوە لە خانووەکە دەرکراوە.
هێمن محەمەد نەجم، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بەڕێوەبەرەکەیان سەردانی کردوون و چەند خێرخوازێک بەڵێنیان داوە خانوو بۆ ئەو ژنە دابین بکەن و کرێی ساڵێکی بۆ بدەن.
وتیشی، “ئێستا بە شێوەی کاتی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هۆتێل شوێنیان بۆ دابین کراوە”.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی لیژنەیەکی پێکهێناوە تا دڵنیابێتەوە کەیسەکە هیچ فرتوفێڵێکی تێدا نییە، “ئەگەر دەرکەوت کەیسەکە بێ فرتوفێڵە هەرچی ئەو خێزانە پێویستیان بێت بۆیان دابین دەکرێت”