ئەمڕۆ سودانی چی لەبارەی دۆلار وت؟
964+
هێمن بەکر
ماوەیەکە نرخی دۆلار گران بووە، لە ئێستادا 100 دۆلار بە نزیکەی 165 هەزار دیناری عێراق دەفرۆشرێت، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش سوورە لەسەر ئەوەی دۆلار بهێنێتەوە بۆ سەر نرخە کۆنەکەی.
پێش ئەم بەرزبوونەوەیە، نرخی 100 دۆلار بە 145 هەزار دینار بوو.
بانکی ناوەندی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2020 نرخی دۆلاری لەو ئاستەدا جێگیر کرد، بڕیار نەبوو زیاتر لەوە بچێتە سەرەوە.
ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەموو پشتیوانییەکی بانکی ناوەندیی دەکەن بۆ ئەوەی نرخی 100 دۆلار بهێننەوە سەر 145 هەزار دینار.
ئەو لە “ساڵڕۆژی شەهیدان”ی عێراق وتارێکیدا و بە دیاریکراوی لەبارەی دۆخی ئابووری وتی “حکومەت بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی بانکی ناوەندی بۆ گەڕاندنەوەی نرخی دۆلار، ئەمە پێویستی بە چارەسەری یەکلاکەرەوە هەیە و دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی هەڵەی دارایی بهێندرێت کە بۆ حکومەتی ئێستا ماوەتەوە”.
نرخی دۆلار رۆژانە یاری دەکات، خەڵکی وڵاتەکە نیگەرانن لەوەی بەهۆی گرانی ئەو دراوە، نرخی شتومەک و خواردنەکانیش بەرزببنەوە.
لەوبارەیەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، “کۆمەڵێک بڕیاری بوێرانەمان داوە و هۆشداری دەدەین بەو کەسانە ئەم دۆخە ئابوورییە بە هەل دەزانن و یاری بە پێداویستییەکانی خەڵک دەکەن”.