بە گوژمەی 50 ملیۆن دینار

لە زەڕایەن دوو کۆڵان کۆنکرێت کران

پێشەوا محەمەد

دوو کۆڵان لە زەڕایەن قیرتاو کران، سەرۆکی شارەوانییەکەی دەڵێت، لە پلانی ساڵی 2024ـدا بە نیازی نۆژەنکردنەوەی سەرجەم گەڕەکەکانن.

گوژمەی کۆنکرێتکردنی ئەو دوو کۆڵانە 50 ملیۆن دینارە و لەسەر بوودجەی شارەوانی کراوە.

بوورهان مەلا رەشید، سەرۆکی شارەوانیی زەڕایەن بە 964ـی راگەیاند، ئەو دوو کۆڵانە دەمێک بوو پێویستیان بەو کۆنکرێتە بوو و لە پلانی ساڵی 2021ـیشدا بوو، بۆیە بوودجەیەک دابین کرا و کۆنکرێتەکە کرا.

وتیشی، “ئێستا یەک گەڕەک بە تەواوی ماوە کۆنکرێت بکرێت و هیچکام لە کۆڵانەکانی نە قیرتاون نە کۆنکرێت”.

زەڕایەن سێ گەڕەکی سەرەکیی هەیە؛ راپەڕین، رۆشنبیران و هەواری شار. چوار هەزار ماڵیان هەیە و 35 هەزار کەس دانیشتوانەکەیەتی.

“لە پلانی 2024ـدا سەرجەم گەڕەک و کۆڵانەکان بۆ نۆژەنکردنەوە ئاماژەیان پێکراوە و ئەوانەشی قیرتاو نەکراون بکرێن، بەڵام ئەوە پێویستی بە دابینکردنی بوودجەیە و نازانین دەتوانین چەندیان جێبەجێ بکەین”، ئەوەش قسەی سەرۆکی شارەوانیی زەڕایەنە.