راهێنەری نوێی هەولێر لەئەرکێکی قورسدایە
میدیازان – فەرمان سادق – هەولێر
یانەی وەرزشی هەولێر سێ یاری یەکەمی لەخولی عێراقی دۆڕاند، ئێستا دەیەوێ بە گۆڕینی راهێنەر باری لاری خۆی راست بکاتەوە.
پێش ئەوەی خولی نایابی عێراقی دەست پێبکات یانەی هەولێر بۆندی لەگەڵ راهێنەری بەناوبانگی عێراقی کاپتن نزار مەحروس واژۆکردو دەستیان کردەوە بۆ وەوەی خۆی ١٦ یاریزانەکەی هەولێر بۆ خولەکە بێنێتە ریزەکانی یانەکەوە، بەڵام هەموو پلانەکە دوای دوو یاریی بەبا چوو، چونکە هەولێر هەردووکی دۆڕاندو کاپتن نزاریش دەستی لەکار کێشایەوە.
ئەحمەد شوکر، سەرۆکی یانەی وەرزشی هەولێر بەمیدیازانی وت “دوای ئەوەی یاری یەکەم و دووەمی دۆڕاند، نزار مەحروس خۆی دەستی لەکار کشاندەوە، ئەگەرچی زۆر داوامان لێکرد، بەڵام پێی وتین بۆ خاتری ناوو ناوبانگی خۆی و یانەکە ئەوە دەکات”.
زیاتر وتی “رەنگە گوشاری میدیا و هاندەرانیش یەکێک لە هۆکارەکان بێت”.
“ئەحمەد شوکر؛ چاومان لێیە کۆتایی وەرز لە ریزبەندی پێنجەم بین”
دوێنێ دووشەممە ٢٣ـی تشرینی یەکەم، یانەی وەرزشی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا غازی فەهدی وەک راهێنەری نوێی یانەکە بە هاندەوان و خەڵکی هەولێر ناساند.
یانەی وەرزشی هەولێر، لەریزبەندی ١٧ـەمینی خولی نایابی عێراقە لەکۆی ٢٠ یانە بەشداربوو، سێ یاری ئەنجامداوە بەرانبەر کەربەلا، میسان، کارەبا، هەرسێ یاریشی دۆڕاندووە .
نزار مەحروس، دوو یاری دۆڕاندو دەستی لەکار کشاندەوە، یاری سێیەمیش یاریدەدەرەکەی سەرپەرشتی تیپەکەی کرد، ئەویش دۆڕاندنی.
بڕیارە کاتژمێر ٧:٣٠ـی خولەکی سبەی سێشەممە، یانەی هەولێر لەسەر یاریگای خۆی بەرانبەر یانەی حدودی چوارەمی ریزبەندی یاری بکات، هەفتەی داهاتووش میوانی یانەی دهۆک دەبێت کە بە دێربی کوردستان ناسراوە.
غازی فەهد، راهێنەری نوێی یانەی هەولێر، سبەی لە تاقیکردنەوەیەکی قورس دایە، هەفتەی داهاتووش بەهەمان شێوە.
ئەحمەد شوکر، سەرۆکی یانەی هەولێر دەڵێ، غازی فەهد بەڵێنی ئەوەی بە ئیدارەی یانەکە داوە کە یانەکە بخاتە سەر رێچکەی بردنەوە، وتی “چاومان لێیە کۆتایی وەرز لە ریزبەندی پێنجەم بین، دڵنیاین ئەنجامەکانمان باشتر دەبێت بەڵام هێنانی ١٦ یاریزان پێویستی بە کاتە بۆ گونجانیان لەگەڵ یەکتری”.