یەکێک لە تانکییەکانی ناو پەرکەکە دوای نەخشاندنی - وێنە: شارەوانیی سلێمانی
"دەبێت هەموو شتێک سروشتی بنوێنێت"
تانکی و شۆستەکانی ناو پارکی هەواری شار دەڕازێندرێنەوە
964+
پێشەوا محەمەد
چەند هونەرمەندێک تانکی و شۆستەکانی ناو پارکی هەواری شار لە سلێمانی بە وێنە دەنەخشێنن، بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، بۆ گونجاندنیانە لەگەڵ سروشتی پارکەکەدا.
پارکەکە 10 تانکیی گەورەی ئاوی تێدایە و شۆستەیەکی زۆریشی هەیە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رەزامەندیی رازاندنەوەیانی دەربڕیوە.
فەرەیدوون عومەر، بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار بە 964ـی راگەیاند، ئەو رازاندنەوەیە بۆ گونجاندنی تانکی و شۆستەکانە لەگەڵ سروشتی هەواری شار و جوانکردنیان بۆ چاوی ئەو کەسانەی دێنە پارکەکەوە.
وتیشی، “هەموو شتێک کە لە پارکەکەدا بێت دەبێت سروشتی بنوێنێت و گەشتیاران وەک یەک پارچە سروشت پارکەکە ببینن و چیژی لێ ببینن و ئیسراحەت بکەن”.
ناو پارکەکە چەندان دوکان و مارکێت و کافتریای تێدایە، بە وتەی بەڕێوەبەرەکەی، دیزاین و دەستکاریکردنی هەر دووکانێک دەبێت بە ئاگاداریی ئەوان بێت تا لەسەر شێوازی سروشتیی پارکەکە لانەدات.
پاركی هەواری شار، لەسەر رووبەری چوار هەزار و 400 دۆنم زەوی دروست كراوە، دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای شاری سلێمانی و ئەمساڵ زیاتر لە سێ هەزار نەمامی لێ رووێندراوە.