کێ رێگریی دەکات
رێگری لە جێبەجێكردنی بەشێكی شەقامی دابان لە سلێمانی دەکرێت
+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
دوای تەواوبوونی قۆناغی یەكەمی دووسایدكردنی شەقامی دابان لە گەڕەكی كارێزەوشك، دەستكراوە بە جێبەجێكردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەكە و سەرپەرشتیاری پڕۆژەكەش دەڵێت، “بەهۆی رێگریی ماڵ و دوكانەكانی بەردەم پڕۆژەكە، ئێستا تەنیا لەیەك سایدی شەقامەكە كاردەكەین”.
شەقامی دابان دەكەوێتە گەڕەكی كارێزەوشك، شەقامەكە گەڕەكی كارێزەوشك بە پردی كۆبانێ دەبەستێتەوە لە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود، بە تەواوبوونیشی لۆد و قەرەباڵغی شەقامەكە كۆتایی پێدێت.
عەتا لوقمان، ئەندازیار و سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە پێنجشەممە بە 964ی وت، “ئێستا قۆناغی دووەمی پڕۆژەكە تەنیا سایدی دەستەڕاستی شەقامەكە جێبەجێ دەكەین، بەهۆی رێگریی ماڵەكان و دوكاندارەكانەوە، كە 13 رێگریمان هەیە لە بەشی دەستەچەپی شەقامەكە، خاوەن موڵكەكان قەرەبوو نەكراونەتەوە و ئێستا دۆسیەی مامەڵەكانیان لە دادگای سلێمانییە و رێكار و رۆتیناتی یاساییان ماوە تەواو ببێت، لەبەرئەوە ئەو سایدە دوادەكەوێت تا دادگا دۆسییەكان یەكلادەكاتەوە و رێگرییەكانی شەقامەكە لادەچێت”.
ئەو ئەندازیارە باسی لەوەكرد، تەواوی كاری هێڵكاری و جیۆمەتریمان بۆ ئەو ناوچەیە و بۆ دوو یەكتربڕی شەقامەكە كردووە، کارەکە دراوە بە شارەوانی سلێمانی، كە لەداهاتوودا جێبەجێ دەكرێت، پڕۆژەكە گرنگە بۆ ئەو گەڕەكە، لەبەرئەوەی رێڕەوێكی قەرەباڵغە و بەشێكی زۆری پاسەكانی سلێمانی بەو شەقامەدا تێپەڕ دەبن، بە تەواوبوونی پڕۆژەكە كاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی لۆدی شەقامەكە.
شەقامی دابان لەلایەن كۆمپانیای گۆیژەوە، بە سەرپەرشتی شارەوانیی سلێمانی جێبەجێ دەكرێت، تەواوی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆكەی تازە دەكرێتەوە، بە هەردوو قۆناغی یەكەم و دووەمی پڕۆژەكە، بڕی دوو ملیار دیناری تێدەچێت، ماوەی جێبەجێكردنەكەشی سێ مانگ دەخایەنێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا