تێچووەکەی 31 ملیار دینارە
کارکردن لە پرۆژەی پردی توەقوت لە هەڵەبجە دەستیپێکرد
964+
ژووری هەواڵ
کارکردن لە پرۆژەی پردی توەقوت لە هەڵەبجە دەستیپێکرد، پارێزگاریش دەڵێت بەڵێن بە کۆمپانیای جێبەجێکار دەدەن کە کێشەی دارایی نەیاتە پێش و دەبێت لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 14.5.2024، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جێبەجێکردنی پرۆژەی پردی توەقوت دەستیپێکرد و تێچووەکەی 31 ملیار دینارە.
ماوەی تەواوکردنی پرۆژەکە دوو ساڵە و سەرەتا نزیکەی 27 کیلۆمەتر لە ئەمدیو و ئەودیوی پردەکە قیرتاو دەکرێت. کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە دەڵێت، ئەگەر کێشەی بودجە نەیاتە پێش لە کەمتر لە دوو ساڵدا تەواویدەکەن.
کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە دەڵێت، لەئێستادا ئاستی ئاو زۆر بەرزە و ناتوانرێت ئیش لە خودی پردەکەدا بکرێت، بەنداوی دەربەندیخان ئاگاداریان دەکاتەوە کەی ئاستی ئاوەکە دادەبەزێت.
پردەکە 300 بۆ 350 مەتر دەبێت و پارێزگای هەڵەبجە بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەبەستێتەوە.