لە رێگای دهۆک - زاخۆ
کەسێک گیانی لەدەستدا و 12ـەی دیکەش بریندارە
964+
زەید کۆچەر
سەر لەبەیانی ئەمرۆ رووداویکی هاتوچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت روویداوە لە جۆری مازدا و تۆیۆیتا لە ئەنجام دا کەسێک گیانی لەدەست دا و 12 کەس برینداربوون.
رووداوەکە لە شەقامی سەرەکی دهۆک – زاخۆ روویداوە و نزیکەی کاتژمێر 8:00 بەیانی بووە.
موقەدەم بەدرخان کۆچەر بەڕێوەبەری هاتوچۆی قەزای سێمێل بە 964ـی وت، لە ئەنجامی ئەو رووداوە هاتوچۆیە کەسێک گیانی لەدەستداوە و 12 کەسی دیکەش بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
وتیشی، بەشێک لە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک و بەشێكی دیکەیان لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆن.
مەتین جەمیل، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی دهۆک بە 964ـ وت، بەهۆی رووداوەکەوە کەسێکی تەمەن 25 ساڵی گیانی لەدەستداوە سێ لە بریندارەکان ئیستا لەهۆلی نەشتەرگەریدان و بریندارێکی دیکە لەژێر چاودێری چڕە و دۆخی ئەوانی دیکە باشە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی