نامەکە دەست 964 کەوتووە
عێراق داوا دەکات لە کۆتایی 2025 تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕۆن
964+
ژوورى هەواڵ
وادیارە عێراق ئیشى بە یۆنامى نەماوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق نامەیەکی فەرمی بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووەو دەڵێت: داوا دەکەین رۆژی 31ـى کانوونی یەکەمی 2025 کارەکانی یونامی بەیەکجاری لە عێراق کۆتاییان بێت.
نامەکەی سودانی لەسەر نوسراوی فەرمی حکومەتی عێراقییەو ئاڕاستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێزی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە، دوای سەلام و سڵاوکردن دێتە سەر باسی ئەو تیمە ستراتیژییەی ئەنجومەنی ئاسایش پێکیهێناوە بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانی یونامی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لۆمەی ئەو تیمە دەکات کە دەبوو تەنیا لەگەڵ حکومەتی عێراقی راوێژ بکەن.
ساڵی رابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای لەنەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو کە هەڵسەنگاندنێک بکەن بۆ کاری تیمی یونامی لە عێراق، بەتایبەتی پاش ئەوەی چەند جارێک لە ناوخۆی عێراقەوە ناڕەزایی دژی ئەو تیمەی نەتەوە یەکگرتووەکان خرابووە روو، لەسەر ئەو بڕیارە سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر پێرتسی راسپاردبوو سەرکردایەتی تیمێکی سەربەخۆ بکات بۆ پێداچوونەوە بە کارەکانی یونامی، هەموو ئەوەی تیمەکە لە ئۆکتۆبەری رابردووەوە پێی گەیشتبوو، لە راپۆرتێکدا کۆکرابوەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نامەیەکی 30 لاپەڕەیی وردەکارییەکەی بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناردبوو کە بەشێکی پەیوەست بوو بە کوردەوە، هەر ئەو کات 964 پوختەی نامەکەی بڵاوکردەوە.
پێدەچێت سودانی بەو ئەنجامە ناڕەحەت بووبێت بۆیە لە نامەکەیدا بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نوسیوێتی ”بە داخەوە راپۆرتی تیمی پیاداچوونەوەی ستراتیژی جیاوازی نەکردووە لە نێوان بۆچوونی حکومەتی عێراقی کە نوێنەرایەتی گەلی عێراق دەکات و ئەو دەوڵەتەیە کە میوانداری تیمەکەی کردووە لەگەڵ بۆچوونی چەند لایەنێکی نافەرمی کە دەربڕی رای شەخسی خۆیانن”.
محەمەد شیاع سودانی نامەکەی لە مانگی نیسان ناردووە، بەڵام بەپێی ئەو کۆپیەی دەست 964 کەوتووە، لە هەشتی ئەم مانگە واتە دوو رۆژ لەمەوبەر عەباس کازم نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئینگلیزی کورتەیەکی لەسەر نوسیوەو بۆ سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانی ناردووە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکانی تێگەیاندووە کە کاریان بە یونامی نەماوەو نوسیوێتی ”یونامی ئەرکەکەی خۆی راپەڕاندووە بەو شێوەیەی کە پێویستە، بەتایبەتی لەرووی سیاسییەوە…دەمانەوێ پشت ببەستین بە دەسپێشخەری نیشتیمانی و گفتوگۆی راستەوخۆ”.
بۆیە رۆژی 31ی کانوونی یەکەمی 2025 دەستنیشانکردووە وەک کۆتا رۆژی کارەکانی یونامی، لەوەشدا دەسەڵاتی ئەوەی لێگرتوونەتەوە لە کاروباری سیاسی عێراقدا قسەیان هەبێت و نوسیوێتی: ”هەتا ئەو کاتە مانەوەی تەنیا بۆ راپەڕاندنی کارەکانی خۆی بێت، چاکسازی ئابوری، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، ژینگە، بوارەکانی دیکەی گەشەپێدان”.
یونامی، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکانە بۆ عێراق، ساڵی 2003 ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر داوای عێراق پێکیهێنا، چوار ساڵ دواتر بە بڕیارێکی نوێی ئەنجومەنی ئاسایش دەسەڵاتی زیاتری پێدرا، کاری تیمەکە ئەوە بوو کە یارمەتی حکومەتی عێراق بدات لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا، بەڵام ئەوەی زیاتر تیایدا دەرکەوت کاروباری سیاسی بوو.
زۆرجار تیمەکە دەیویست هێزە ناکۆک و ناتەباکان لەیەک نزیک بکاتەوەو نێوانی هەرێم و بەغدا باش بکات، هەندێ جار مۆفەق دەبوو هەندێجاری تر هیچی پێ نەدەکرا.
لە ساڵی 2018ـوە تیمەکە لەلایەن ژنە قژ زەردە چاوشینەکەوە سەرپەرشتی دەکرا (جێنین بلاسخارت)، خاتوونە هۆڵەندییەکە لە عێراق مقۆمقۆی زۆری لەسەر بوو، هەندێک بەباش و هەندێک بە خراپیان دەزانی.