پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان دەستیپێکرد

عێراق و تورکیا لەسەرچی رێککەوتن؟

964+

فەهمی نەبی

بەپێی ئەو کۆنگرە رۆژنامەنوسییە بێت لەنێوان سودانی و ئەردۆگان ئەنجامدراوە، رێکەوتنی نێوان هەردوو وڵات چەند لایەنێک لەخۆ دەگرێت و لیژنەیەکی هەمیشەیی بۆدانراوە بۆئەوەی چاودێری جێبەجێکردنی خاڵەکان بکات.

محەمەد شیاع سودانی رایگەیاند، لەسەر دۆسیەی ئاو، رێککەوتنێکی 10 ساڵەمان واژۆکردووە، بەتایبەت کاریگەری دەبێت لەسەر پشکی ئاوی عێراق.

سەبارەت بەدۆسیەی ئەمنی، سودانی دەڵێت ئاسایشی نێوان عێراق و تورکیا دابەشنەکراوە، پابەند دەبین بەدەستوری عێراق بەوەی رێگەنادەین هیچ هێزێک خاکی عێراق بەکاربێنێت بۆسەر تورکیا.

لەبارەی پڕۆژەی گەشەپێدان، سودانی وتی، ئەم پڕۆژەیە دەبێتە خاڵی وەرچەرخانی ئابوری بۆ عێراق کە لەنێوان عێراق، تورکیا، ئیمارات و قەتەر واژۆکراوە.

دواتر رەجەب تەیب ئەردۆگان وتی، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا 20 ملیار دۆلار بووە، ئەو رێکەوتنەی واژۆمان کرد خاڵی وەرچەرخانی ئابوری نێوان هەردوو وڵات دەبێت.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنی ئەردۆگان دەڵێت، عێراق “پەکەکە”ی لەچوارچێوەی گروپە قەدەغەکراوەکان هەژماردەکات و پێشوازی لێ دەکەین.

ئەردۆگان وتی، سەردانی هەولێر دەکەم و لەگەڵ پێکهاتەی تورکمانەکان کۆدەبمەوە و عێراق بە هەموو پێکهاتەکانەوە لە یەکپارچەیی دەمێنێتەوە.

بەشی هەرە دیاری رێکەوتنەکەی ئەمڕۆی عێراق و تورکیا، پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بوو

بەگوێرەی بەیاننامەی هاوبەشی کۆبونەوەی نێوان عێراق، تورکیا، ئیمارات و قەتەر بێت، پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان وەک رووبارێکی ئابوورییە، رۆژهەڵات بە رۆژئاوا دەبەستێتەوە، لە عێراقەوە تا تورکیا بەرەو ئەوروپا درێژدەبێتەوە، هەروەک چۆن رووبارەکانی دیجلە و فورات لە تورکیا سەرچاوە دەگرن و دەڕژێنە ناو عێراقەوە.

پڕۆژە بۆ رێگاوبان و هێڵی شەمەندەفەر و زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە، بەجۆرێک عێراق و وڵاتانی کەنداو بە ئەوروپا دەبەستێتەوە.

ئەم رێکەوتنەی ئەمڕۆ ساڵێک لەمەوبەر بەرنامەی بۆدانراوە، بەجۆرێک رۆژی 21.3.2023 محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تورکیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان چەند رێککەوتنێکی واژۆ کرد، لە نێویاندا پڕۆژەی گەشەپێدان راگەیەنرا بۆ بوارەکانی پیشەسازی و ئابوری.