یانه‌ی خه‌لیفان دێته‌وه‌ مه‌یدان

964+
ئاكام غه‌فوور – خه‌لیفان

یانەی وه‌رزشی خه‌لیفان دوای دووباره‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی، خۆی رێكده‌خاته‌وه‌ و له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاویشدا، ئامادەکاری بۆ خولی پلە دووی تۆپی پێی كوردستان ده‌كات.

یانەی خەلیفان لە ساڵی 1997 دامەزرا، تا 2007 بەردەوام بوو، دواتر بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی یانه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوانی پێشووی هه‌رێمی كوردستان ده‌رچوو، بۆیه‌ مۆڵه‌ت له‌ زۆر یانه‌ی ناو ناحیه‌كان وه‌رگیراوه‌ و یانه‌ی خه‌لیفانیش یه‌كێك بوو له‌و یانانه‌.

له‌ كۆتایی 2022 جارێكی دیكه‌ یانه‌ی خه‌لیفان مۆڵه‌تی دامه‌زراندنه‌وه‌ی وه‌رگرته‌وه‌.

سەیدۆ جەمال سەرۆکی یانەی خه‌لیفان بۆ 964+ ده‌ڵێت “دوای 16 ساڵ دابڕان، رەزامەندی بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ی یانه‌كه‌مان درایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ئێمە داواکاریمان پێشکەش بە به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی خه‌لیفان، قائیمقامی سۆران، پارێزگاری هەولێر و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان کرد”.

وتیشی “یانەکەمان تەنیا خاوەنی یاریگه‌ی چیمەنی دەستکردین، یاریگه‌ی چیمەنی سروشتیمان نییه‌، بۆی داوامان کردوه‌ە بۆمان دابین بکه‌ن، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا هاوکارییەکی کەمی یانه‌كه‌مان ده‌كرێت، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا خەلیفان لە هەموو یارییه‌كاندا یاریزانی ئاستبه‌رز و به‌هره‌مه‌ندی هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ تۆپی پێ، بالە، تۆپی سه‌رمێز”.

سه‌رۆكی یانه‌ی خه‌لیفان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، ئێستا تیپیان كۆكردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی خولی پله‌ دووی كوردستان له‌ تۆپی پێ بكه‌ن، مه‌شق و ئاماده‌كارییه‌كانیان ده‌ستپێكردووه‌، هه‌روه‌ها پلانیان هه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی نزیكی داهاتوودا تیپی باله‌ش ئاماده‌ بكه‌ن.

به‌ قسه‌ی سه‌رۆكی یانه‌ی خه‌لیفان، تیپی تۆپی پێی یانه‌كه‌یان سه‌ره‌ڕای كه‌شی ساردی ئه‌م وه‌رزه‌، به‌ڵام له‌ مه‌شق و راهێنان به‌رده‌وامن و ده‌یانه‌وێت له‌ مانگی داهاتوو به‌شداریی خولی پله‌ دووی كوردستان بكه‌ن.

محه‌مه‌د بچكۆڵ یاریزانی یانه‌ی خه‌لیفانه‌، له‌ 1997 له‌ یانه‌كه‌ ده‌ستی به‌ یاریی كردووه‌ و ئێستاش هه‌ر له‌وێدا وه‌ك یاریزان به‌رده‌وامه‌.

محه‌مه‌د ده‌ڵێت: “ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ یانه‌كه‌ بۆ ریزی خولی پله‌ یه‌كی كوردستان سه‌ربخه‌ین، به‌ڵام لە رووی یاریگه‌وه‌ کەموکوڕیمان هەیە و داواكارین یاریگه‌ی چیمه‌نی سروشتیمان بۆ دروست بكرێت”.

تیپی تۆپی پێی یانه‌ی خه‌لیفان له‌ سه‌ره‌تای ئەمساڵه‌وه‌ مه‌شقه‌كانی ده‌ستپێكردووه‌ و راهێنه‌ری تیپه‌كه‌ش خه‌ریكی رێكخستنی تیپه‌كه‌ و پێكهاته‌كه‌یه‌تی، هه‌روه‌ها دوو یاریی دۆستانه‌شیان كردووه‌.

خه‌لیفان ده‌یه‌وێت جارێكی دیكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو ركابه‌رییه‌كانی تۆپی پێ و یارییه‌كانی دیكه‌ له‌ ئاستی كوردستان و ده‌رفه‌تی یاریكردن و ده‌ركه‌وتن بۆ وه‌رزشوانانی ناحیه‌كه‌ی بڕه‌خسێنێت.