ژمارە تەلەفۆنیان بڵاودەکرێتەوە
تیمێکی خۆبەخشی مەلەوانی لە سەیرانگاکانی هەڵەبجە دەبن
964+
پێشەوا محەمەد
تیمێکی هەشت کەسیی خۆبەخشی مەلەوانی لە هەڵەبجە پێکهاتووە و بە دوو گرووپ لە سەیرانگاکان دادەندرێن بۆ ئامادەبوونیان لە کاتی رووداوی نەخوازراودا.
ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی ئاوەکانی دەریاچەی سیروان، ئەحمەد ئاوا – زەڵم زۆرن، گەشتوگوزاری هەڵەبجە ترسی لێنیشتووە گەشتیاران بکەونە ناویان و رووداوی نەخوازراو روو بدات.
“ئەو تیمە هەشت کەسییە خۆبەخشن و مەلەوانن، ژمارە تەلەفۆنیان بڵاو دەکەینەوە لەگەڵ ناوی سیانیان تا لە هەرشوێنێک گەشتیارێک کەوتە ناو ئاوی سەیرانگاکانەوە ئەو تیمە راستەوخۆ بەهانایەوە بچن”، ئەوە قسەی چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجەیە بۆ 964.
وتیشی، “ئەو گەشتیارانەی دێنە سەیرانگاکانی سنووری هەڵەبجە زۆرینەیان هاوڵاتی عەرەبن زۆر حەزیان لە ئاوە، بۆیە ترس هەیە کۆنتڕۆڵ نەکرێن و بچنە ناو ئاوی سەیرانگاکان و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بکەن”.
هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە لەگەڵ بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە تابلۆی رێنمایی و ئاگادارکردنەوەی دوورکەوتنەوە لە ئاوەکان لە هەشت سەیرانگا داناوە.
“ئەو گرووپە مەلەوانییە خۆبەخشە پێشتر بانگەوازمان بۆ کردووە و هەشت کەس ئامادەییان دەربڕیوە”، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە وای وت.