وێنەی نەرگس و ئیدریس هاشمی - وێنە: رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو
لە سوێدەوە بۆ ئێران
مەترسیی رادەستکردنەوەی خوشک و برایەکی کورد هەیە
964+
پێشەوا محەمەد
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو مەترسیی رادەستکردنەوەی خوشک و برایەکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرا دەکات لە وڵاتی سوێدەوە بەرەو ئێران.
رێکخراوەکە، کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات ئاشکرای کردووە، ئەو خوشک و برایە چالاکیی سیاسی و کولتوورییان کردووە و لە ئەگەری رادەستکردنەوەیان سزای قورس چاوەڕوانیانە.
ئەو خوشک و برایە ناویان ئیدریس و نەرگس هاشمییە و ساڵی 2015 روویان کردووەتە وڵاتی سوێد و هەر لەو ساڵەشدا داوای پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە.
“نەرگس هاشمی و ئیدریس هاشمی، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا و هەروەها لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا، لە کۆبوونەوەکانی دەرەوەی ئێراندا چالاک بوون، ئەوان لە سەرجەم رێکخراو و چالاکەکانی مافی مرۆڤ داوا دەکەن لە هەر رێگایەکەوە، کە بۆیان دەکرێت، بۆ رێگریکردن لە رادەستکردنەوەیان هەوڵ بدەن”، راگەیەندراوەکەی رێکخراوی هەنگاو وادەڵێت.
هەفتەی رابردووش وا بڵاوکرایەوە دوو هاوسەری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە وڵاتێکی ئەوروپی، لە تورکیا دەستگیر کراون و مەترسیی رادەستکردنەوەیان بە ئێران لەسەرە.