ئەمڕۆ هەدەپە پێنجەم کۆنگرەی خۆی دەبەستێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
ئەمڕۆ یەکشەممە، پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) پێنجەم کۆنگرەی خۆی بە ناونیشانی “ئێمە چارەسەرمان ھەیە ” لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان دەبەستێت.
کۆنگرەکەی هەدەپە لە هۆڵی ئاهەنگەکانی دەمیرۆک لە شارۆچکەی باژارانوو لە ناوەندی شاری ئامەد دەست بە کارەکانی دەکات و بڕیارە زیاتر لە 50 هەزار ئەندامی هەدەپە بەشداری لە کۆنگرەکەدا بکەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوی ناوەندی راگەیاندنی هەدەپە، دەبێ %50ی ئەندامانی سەرکردایەتی پارتەکە بگۆڕدرێن، تا ئێستا هیچ کاندیدێک بۆ وەرگرتنی پۆستی هاوسەرۆکانی هەدەپە دیارینەکراوە.
بەستنی کۆنگرەی ھەدەپە لە کاتێکدایە، لەئێستادا بەشێوەیەکی کاتی ھەژماری بانکی پارتەکە داخراوە و بودجەکەی بڕدراوە، ھەروەھا دۆسیەی داخستنی حزبەکە لە دادگای دەستوری تورکیایە و ھێشتا یەکلایی نەبووەتەوە.
میدحەت سانجار ھاوسەرۆکی ھەدەپە رایگەیاندووە، لە رێگەی پارێزەرەکەیانەوە، داوایان لە دادگای دەستووری تورکیا کردووە، دانیشتنی دادگا دوابخرێت بۆ دوای ھەڵبژاردن.
هەدەپە لە تورکیا و باکوری کوردستان زیاتر لە شەش ملیۆن دەنگدەری هەیە و سێیەمین فراکسیۆنە لە پەرلەمانی تورکیا، بڕیاری داوە بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەبێت.