د.هێمن میرانی بۆ 964
ئەم هەفتەیە بڕیار دەدرێت کرێکارانی خەڵکی سوریا مافی مانەوەیان پێدەدرێت یان نا
964+
فەهمی نەبی
چەند رۆژێکە لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمەوە بڕیاری راگرتنی پێدانی ڤیزا بەو کەسانەی لە سوریاوە بەمەبەستی کار دێنە هەرێم دەرچووە، ئەمەش لەپێناو زیادکردنی دەستیکاری ناوخۆیی.
ئەگەرچی راگرتنی پێدانی ڤیزا تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە سینگڵن و بۆ کارکردن دێنە هەرێم، بەڵام هێشتا وردەکارییەکانی نوێکردنەوەی مافی مانەوە (ئیقامە) لە وەزارەتی ناوخۆ دەرنەچووە.
د.هێمن میرانی بەڕێوبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ 964 وتی، پێدانی ڤیزا بە کرێکاری هەڵگری رەگەزنامەی سوری بەتەواوی وەستاوە، بەڵام وردەکاریەکانی بڕیاری نوێکردنەوەی مافی مانەوە لەژێر لێکۆڵینەوەیە و لیژنەیەک دیراسەی ئەو بڕیارە دەکات.
بەوتەی د.هێمن میرانی کۆتایی ئەم هەفتەیە لیژنەکە دەگاتە کۆتایی وردەکاریەکانی بڕیارەکە، یەکێک لەخاڵەکانی ئەوەیە ئایا ئەو کرێکارانەی مافی مانەوەی ساڵانەیان هەیە ئیقامەکەیان بۆ نوێبکرێتەوە یان نا، ئەم خاڵە و چەند خاڵێکی دیک دیراسە دەکرێن.
رۆژی 30.3.2024 شێخ کامل محەمەد بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر بە 964ی وتبوو، “وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم پێدانی ڤیزای بە کەسانی هەڵگری رەگەزنامەی سوری راگرتووە، بەڕێوەبەرایەتی نشینگەش پابەندە بەوەی چیتر مافی مانەوە نەدات بەو کەسە سینگڵانەی کە سورین و بۆ کرێکاری دێنە هەرێم”.