کەمپی هۆڵ لە رۆژئاوای کوردستان _ وێنە: Tia Asmara
بودجە دابینبکرێ
پزیشکانی بێ سنوور لە رۆژئاوای کوردستان: رێگربن لەم کارەساتە
964+
ئەحمەد مستەفا
رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، بڕینی بودجە و هاوکارییە جیهانییەکان بۆ رێکخراوی تەندروستی جیهانی لێکەوتەی خراپی لەسەر دانیشتووانی کەمپی هۆڵ هەبووە.
ئەو رێکخراوە باسیلەوەشکردووە، کەمکردنەوەی بودجەی تەندروستی جیهانی بەو مانایەیە کە نەخۆشەکان لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان، ناتوانن دەستیان بە چاودێری تەندروستی گرنگ و پێویست بگات.
لە راپۆرتێکدا، کە رۆژی شەممە 30.3.2024 دەرچوێندراوە، رێکخراوەکە داوای لە بەخشەرە نێودەوڵەتییەکان کردووە، “رێوشوێنی دەستبەجێ بگرنەبەر بۆ رزگارکردنی ژیانی ئەو هاوڵاتیانه و رێگریکردن لە کەوتنەوەی کارەسات”.
ئەوەشی وتووە، “ژیانی ئەو کەسانە لە مەترسیدایە”، هەربۆیە “دەبێت دابینکردنی بودجە بۆیان بکرێت بە کاری لەپێشینە، بۆ ئەوەی دڵنیابن لە بەردەوامبوونی دابینکردنی چاودێری تەندروستی بۆ ئەو کەسانەی کە لە کەمپی هۆل و کەمپەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستاندا دەژین”.
پزیشکانی بێ سنوور دەشڵێت، “دانیشتووانی کەمپی هۆڵ ناتوانن دەستیان بە چاودێری تەندروستی لە دەرەوەی کامپەکە بگات، بە تایبەتی ئەوانەی بەدەست نەخۆشییە مەترسیدار و درێژخایەنەکانەوە دەناڵێنن”.