سەردانەکەى سودانى بۆ واشنتۆن دۆلارى لەرزاند

دۆلار زیاتر دادەبەزێت؟

964+

وریا فەتاح

بڕیارە 15ـى نیسان، سەرۆک وەزیرانى عێراق محەمەد شیاع سودانی بەسەردانێکى فەرمى بچێتە واشنتۆن، هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەى هەواڵى سەردانەکەش، دۆلار خانەى 150ـى جێهێشتوو رۆژ بە رۆژیش روو لە دابەزینە.

تا رۆژى 18ـى ئادار، فرۆشى دۆلار لە بازاڕ و بۆرسەکانى عێراقدا لە سەروى 150 هەزار دینارەوە بوو، بەڵام لەو رۆژە بەدواوە وردە وردە دۆلار رووى لە دابەزین کرد و هاتە خانەى چلەکان، بە شێوەیەک لە 18ـى ئەم مانگە 100 دۆلار بۆ 149 هەزار و 600 دینار دابەزى و دواتر بۆ 148 هەزار دینار دابەزى، تا ئەمڕۆ دووشەممە گەیشت بە 146 هەزار و 650 دینار.

لە 14ـى ئازارەوە پەنجەرەى فرۆشى بانکى ناوەندى ژمارەیى پێوانەیى تۆمارکرد، پێشتر خستنەڕووى دۆلار لەلایەن بانکى ناوەندییەوە بەزۆرى لە 220 ملیۆن دۆلار کەمتر بوو، بەڵام لەو رۆژەدا فرۆش بۆ 235 ملیۆن دۆلار بەرز بووەوە، بەرز بوونەوەکەش رۆژ بە رۆژ بەردەوام بوو تا لە 19ـى ئازار گەیشتە 245 ملیۆن دۆلار، ئەمڕۆش گەیشت بە 249 ملیۆن و 950 هەزار و 923 دۆلار.

لەمەوە دەردەکەوێت کە فرۆشی بانکی ناوەندی بە دۆلار زیاتر لە 13% زیادی کردووە، لە کاتێکدا نرخی دۆلار لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بە رێژەی 3% دابەزیوە.

بۆچى سەردانەکەى سودانى بۆ ئەمەریکا دۆلار دادەبەزێنێت؟

سەردانەکەى محەمەد شیاع سودانى بۆ واشنتۆن کە بڕیارە 15ـى نیسان ئەنجامى بدات، گڕى لە بازاڕى دینار و دۆلار بەردا و لەگەڵ هەواڵەکە دۆلار دەستى بە لەرزین کرد، چونکە لە کارنامەى سەردانەکەی و لە یەکێک لە بڕگەکان بە وردى باس لەوەکراوە کە سودانى لە ئەمەریکا پرسى ئابوورى لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى ئەمەریکا تاوتوێ دەکات، بە تایبەت ئەوەى پەیوەندیدارە بە گەنجینەى ئەمەریکا و کاریگەرییەکانى لەسەر بانکە عێراقییەکان و ئەو قەرزانەى لەسەر عێراقن.

جگە لەوە یەکێکى دیکە لە هۆکارەکانى دابەزینى دۆلار، کە پەیوەستە بە سەردانەکەى سودانى ئەوەیە، پێشتر بۆچوونەکان پێیان وابوو ئەمەریکا ڤیتۆى لەسەر سودانى هەیە و پێى وایە ناتوانێت ئیدارەى مەلەفى ئابووى عیراق بە تایبەت کۆنتڕۆڵى قەیرانى بە قاچاخبردنى دۆلار بکات، بەڵام ئێستا کە فڕۆکەکەى سەرۆک وەزیران بەرەو واشنتۆن بەڕێدەکەوێت بە جۆرێکى دیکە لەو پیاوە دەڕوانرێت.

بۆ ئامادەکردنى ئەو شیکارییە، 964 قسەى لەگەڵ ژمارەیەک کەس لە شارەزاى ئابوورى و سیاسى و خاوەن کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو کردووە و لە بەر مەبناى ئەوە گەیشتووە بە ئەنجامەکانى شیکارییەکە و هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى بەهاى دینار.

ئێستا لە بازاڕدا دۆلارێکى زۆر هەیە، چونکە بەشێکى زۆر لە خەڵکى دۆلارەکانیان دەکەن بە دینار و بەهیوان سەردانەکەى سودانى کۆتایى بە بەرزیى نرخی دۆلار بهێنێت.

یەکێکى دیکە لە هۆکارەکانى دەرکەوتنى دابەزینى بەهاى دۆلار، گۆڕانکارییە لە حەواڵەى تورکیا بۆ عێراق، بۆ نموونە ئەوکاتەى دۆلار لە خانەى 170 هەزاردا بوو، ئەگەر کەسێک لە هەرێمى کوردستانەوە 10 هەزار دۆلار (یەک دەفتەر)ـى حەواڵەى تورکیا بکردایە، دەبوایە 400 دۆلار بدات واتا یەک دەفتەر و 400 دۆلار، بەڵام ئێستا ئەگەر 10 هەزار دۆلار حەواڵەى تورکیا بکەیت، نەک پارەى حەواڵە نادەیت، بەڵکو لە هەر دەفتەر دۆلارێک 53 دۆلاریش وەردەگریتەوە.

ئەو هۆکارە بەڵگەى ئەوەیە کە پێشتر دۆلارێکى زۆر بە قاچاخ دەڕۆیشتە دەرودراوسێ، بە تایبەت تورکیا و ئێران.

بەپێى ئەنجامى شیکارییەکە کە بۆچوون و خەمڵاندنى بۆچوونى شارەزایانە، پێدەچێت تا 15ـى نیسان و ساتى سەردانەکەى سودانى بۆ ئەمەریکا، 100 دۆلار لە نێوان 145 بۆ 148 هەزار دینار یاریى بکات، دواتریش ئەنجامى سەدانەکە و رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکانى نێوان بەغداد و واشنتۆن، بەهاى دۆلار بەرامبەر دینار، دیاریی دەکەن.

بەراورد بە دوێنێ هەر بەرمیلێک نەوت دۆلارێکی چووەتەسەر

بەراورد بە دوێنێ هەر بەرمیلێک نەوت دۆلارێکی چووەتەسەر