رێنماییەکانی دانانی سیستمی غازی LPG تەواو دەکرێن

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رێنماییەکانی دانانی سیستمی غازی LPG تەواو کردووە. ئەندامێکی ئەنجومەنەکە دەڵێت، بەسەر قائیمقامیەتەکاندا گشتێندراوە بۆ جێبەجێکردن.

تەقینەوەی ماڵی حاجی مەزهەر لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی و بەشە ناوخۆییەک لە شاری دهۆک لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم و سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بەهۆی لێچوونی غازەوە، بووە هۆکاری راگرتنی دانانی سیستمی غاز.

ئەو دوو رووداوە زیاتر لە 20  گیانلەدەستدان و 25 برینداری لێ کەوتەوە و رووداوی تریشی بەدوادا هات.

دوای زیاتر لە دوو مانگ، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رێنمایی دانانی سیستمی غازی پەسەند کردووە.

کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964+ـی راگەیاند: لە ماوەی دوو مانگدا کۆبوونەوەمان لەگەڵ پسپۆڕان و خاوەن کارگەکان کردووە و ژمارەیەک رێنمایی دەرکراون.

964+ دەزانێت، لە رێنماییەکاندا هاتووە، پێویستە سەرجەم کارگەکانی دانانی سیستمی غاز مۆڵەتپێدراو بن و هەر کەس و وەستا و دوکانێک سەربەخۆ کارەکە بکات سزا دەدرێت.

رێنماییەکان ئەوەشی تێدایە، دەبێت ئەوانەی وەک وەستای دانان لە کۆمپانیاکان کار دەکەن راهێنانیان پێ بکرێت و بڕوانامە وەربگرن، پاشان کارەکە بکەن.

هەروەک ئەوەش هاتووە، دەبێت پێشکەوتووترین کەرەستە بەکار بهێندرێت و مانگانەش کۆمپانیاکان راپۆرتی خۆیان ئاراستەی قائیمقامیەتی شارەکان بکەن لە کوێ سیستمی غازیان داناوە، تا لیژنەکانی قائیمقامیەت لە رێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە بەدواداچوون بۆ سەلامەتیی دانانی سیستمی غازەکە بکەن.

کەریم عەلی دەڵێت؛ ئێستا پارێزگاری سلێمانی رێنماییەکانی پەسەند کردووە و بەسەر قائیمقامەکاندا گشتێندراوە بۆ جێبەجێکردن.