بزانە داواکاریان چییە؟

لە دوێنێ شەوەوە شۆفێران مەرزى سەیرانبەنیان جێنەهێشتووە

964+

کامیار کەمال- پێنجوێن

لە درەنگانێکى شەوى رابردووەوە، شۆفێرە بارهەڵگرەکانی مەرزی سەیرانبەن لە بەردەم دەروازەی قەزای پێنجوێن دژی گواستنەوەی بارەکانیان بۆ مەرزی باشماخ، گردبوونەتەوە.

ئومێد عەلى، ئەنجومەنى مەرزى سەیرانبەن بە 964ـى وت،”ھۆکاری گردبوونەوەی شۆفێرەکان ئەوەیە، لە 2014 کۆمەڵێک بارهەڵگر کە ژمارەیان 89 بارهەڵگرە و هى خاوەن دووکانەکانى عەلوەى سلێمانین، لە مەرزى باشماخەوە بارى میوەیان دەگواستنەوە، بەڵام ئەوکات شۆفێرانى مەرزەکە لە دژیان گردبوونەوە و سەرجەمیان رەوانەى مەرزى سەیرانبەن کران”.

بەپێى رێککەوتنى نێوانیان، ئەو ئۆتۆمبێلانە دوو باریان دەهێنا بۆ مەرزەکە، دەبوو یەکێک خۆیان بیبەن و ئەوانى تریش ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانى مەرزەکە بیگوازنەوە، بەڵام وەک ئەوەى ئومێد عەلى باسى دەکات، ئەمەش سەرى نەگرت و لە 14.2.2021 بڕیاردرا بە دابەشکردنى ئەو 89 ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە بەسەر مەرزەکاندا.

وەک ئەوەى ئەنجومەنەکە بە 964ـى وت،”ئێستا کار بەو بڕیارە ناکرێت و خاوەن دووکانەکانى عەلوەى سلێمانى سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانیان بردووەتەوە بۆ مەرزى باشماخ، ئەوەش بە ماناى ئەوەیە بارى میوە لە مەرزى سەیرانبەن کۆتایى دێت”.

داواش دەکات کار بەو رێککەوتنە بکرێت کە لە 14ـى شوباتى 2021 ئەنجامدراوە و ئۆتۆمبێلەکان بەسەر مەرزەکاندا دابەشبکرێن بۆ ئەوەى هیچ لایەک بێکار نەبن.

پێداچوونەوە- وریا فەتاح

شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن خۆپیشاندانیان ئەنجامدا