دووانیان نۆژەنکردنەوەن
رێگای سێ گوندی خەلیفان چاک دەکرێن
964+
ئاکام غەفور – خەلیفان
وا بڕیارە رێگای گوندەکانی ئالانە، لێڕەمیر و کەلەکین لە سنووری قەزای خەلیفان قیڕتاو بکرێن و بۆ تەواوی رێگاکانی قەزای خەلیفانیش ملیارێک و 750 ملیۆن دینار تەرخان کراوە.
رێگای گوندەکانی ئالانە و لیرەمیر نۆژەن دەکرێنەوە، بەڵام رێگای گوندی گوندی کەلەکین بە درێژایی کیلۆمەترێک قیرتاو دەکرێت.
مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان بە 964ـی وت، “پڕۆژەی رێگای گوندی ئالانە و لێڕەمیر و کەلەکین دراوە بە بەڵێندەر، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە کارەکانیان دەکرێت”.
وتیشی، “پڕۆژەکان لە سەرەتای ئەمساڵ دەرچوون، بەڵام بەهۆی وەرزی زستان کارکردن وەستابوو، سەرجەم کاری رێگاکانی سنوورەکە ملیارێک و 750 ملیۆن دیناریان بۆ تەرخان کراوە”.
قەزای خەلیفان 62 گوندی لەسەرە، بەوتەی قایمقامی قەزاکە بێت رێگای زۆرینەی گوندەکان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنە.
گوندی کەلەکین یەکێکە لە گوندە گەورەکانی سنووری قەزای خەلیفان، گوندی ئالانەش نزیکەی 70 ماڵی لێیە، گوندی لێڕەمیریش خاوەنی 23 ماڵە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد